نەڵێ مەردم کە دنیا پشتی لەو، ئەو ڕوو لە دنیا بێ
کە پووری زاڵە، بۆ چی پیرە زاڵی پێ ڕەزا نابێ!
لە دەروێش و لە شا ئەم فاحیشە ئاخر دەکا حاشا
گەر ئەهلی غیرەتی، بەر لەو لە خۆی و ئەهلی حاشا بێ
ئەگەر تاجت لە سەر کا، سەرتی پێوە قوت ئەدا ئاخر
موبارەک کەی دەبێ ئەو خەلعەتەی وا خەلعی لە دوا بێ
سبەی خاکت بە سەر، وەک من دەبێ تحت الثّریبێ جێت
بڵا ئەمڕۆ کە خەوتی مەسنەدت تەختی سورەییا بێ
لە بەر هەر دادەڕنرێ جل، چ پیناوی، چ چیناوی
دەبێتە لوقمە لوقمە پاقلە یا پاقلاوا بێ
برا، فکری چرا! کیبریتی فرسەت تا لە دەستایە
شەوی یەلدا لە پێشە، ڕۆژی عومرت وەختە ئاوا بێ
بکەین ئاه و فوغان و ئاگرێ بەردەینە خان و مان
خەراباتی مەحەببەت حەیفە بێ ئاشووب و غەوغا بێ
لەگەڵ فەریاد و گریە حازرە فەریادرەس مەحوی
لیبکُوا ڕێ دەدا پیری تەریقەت تیفلی ساوا بێ