ئاڵەکۆک

مەحوی add_a_photo
مەحوی غەزەل
١١٨. لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر
لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر لەک بە لەک دەدوێ
سەگی ئاواتەخوازی ئێسکی وشتر لە شەک دەدوێ
دەبینم شێری شێر ئەفگەن دەڵەک کەوڵی دەکا، دەبیەم
بە کۆڵێ کلکەوە ڕێوی لەگەڵ کەوڵی دەڵەک دەدوێ
دەبینێ بایەزیدە، وەک یەزیدێکی دەبینن خەڵق
بە بێ پەردە شەیاتینی لە ئەحواڵی مەلەک دەدوێ
نە ناوی ڕۆژ و مەه بردن، نە باسی سەدر و شەه کردن
مووەححید هەر دەبێ هەر یەک بناسێ، هەر لە یەک دەدوێ
مونەججیم عومری زایع بوو لە بەحس و فیکری ئەفلاکا
کە پیرێژن هەمیشە هەر لە ئەحواڵی خەڕەک دەدوێ
بە تاقە فەخری کیسرا، هەر خەوەڕنەق فەخری نوعمانە
دەنی هیممەت وەهایە هەر لەگەڵ کوچک و کەڵەک دەدوێ
زەمانەی سوفلە پەروەر وا ڕەواجی سوفلەیی داوە
کە دایم ئەو دەمە سوێرە لەگەڵ نان و نمەک دەدوێ
پەکی تێدا ڕەقیب ئەو شۆخە کوشتنمی کە لێ پرسی
ئیرادەی کاری خێر ئەڵبەتتە شەیتانی لە فەک دەدوێ
موومەییز چەرخی کەچڕەو بێ، نەکەی مەحوی کەماڵت خەرج
زوبانی تێغی ئەو دەرحەق بە حەرفی من لە حەک دەدوێ

پەراوێز edit