بە نۆشی جانی وەردەگرم پیاڵەیی زەهری هەر نێشێ
بە دەردی دڵ بچم گەر بێ لە جەوری تۆ دڵم بێشێ
بەوەم زانی لە باغا چقڵی گوڵ هەڵچەقیە داوێنی
کە لێرە دڵ لە سینەمدا برینی نەشتەری دێشێ
شوکر یار ئیزنی دام هەم گریە کەم هەم قوڕ بە سەردا کەم
بە جارێ شاهی من بەحر و بەڕی بەخشی بە دەروێشێ
لەمێ مەیدانی عیشقە، کلکە ڕێوی ڕیشی تۆ، زاهید
چ بێ قەدری؟ دەبێ گەر شێری بێتێ کلکی ڕاکێشێ
وتم ڕوخسەت دە جانا، دا بە قوربانی لەبت کەم جان
وتی بەحرێکی شەهد ئەڵبەت دەنیشێ پێیەوە مێشێ
خودا گرتوو دڵم، چۆتن بە گژ شۆر و شەڕی عیشقا
بە نەسسی ئایە ئەفلاک و زەمین ئەم بارە ناکێشێ
سەنەد بێ مۆر و خەت دەعوەی مەحەببەت کردنە مەحوی
تەعەششوق، بێ دڵێکی داغدار و سینەیی ڕێشێ