سوبحان ئەو خودایە کە ئەقڵی پەیەمبەران
دەرکی نیانە غەیری بە بەردەرکیا گەڕان
سوبحان ئەو خودایە کە داناتری زەمان
دێوانەیە و لە مەعریفەتی کونهیا نەزان
سوبحان ئەو خودایە کە کەڕڕووبییانی عەرش
وەک ناسی قوڕ بەسەر بە نەناسینی موبتەلان
زەڕڕێکی چون ئیحاتە چییە نیسبەتی لەگەڵ
ڕۆژێکی بێ نیهایەت و بێچوون و بێ چونان
تا بۆ قسێکی دەرخۆری تەنزیهی دەم دەبەم
هەر بەو دەم ئەو دەمە دەبمە لێوی خۆ گەزان
زاتم نییە توخن بە سیفاتی کەوم بە عەقڵ
ڕۆحم چووە تەسەویری زات ئەر بکەم بە جان
دڵ بوو بە دوودی مەحز و جگەر بوو بە عەینی ئاو
ئاهم نییە دەوانە، سروشکم نییە ڕەوان
تا هەبووە، تا دەبێ موتەنەففیس لە سینەیەک
بێ ئیزنی ئەو نەسیمی نەفەس کەی دەبێ وەزان
مسقاڵە زەڕڕە چۆنە لە بەر دەستی قودرەتی
هەر وا بزانە وایە کورەی موڵکی کُن فکان
عیلمی بە حەببەیێ کە بە سەد قەڕنی کە دەبێ
وەک عیلمییە بە قوببەیی ئەمسی زیافشان
ئەو زەڕڕەیە کە ئەووەڵی زەڕاتی عالەمە
بۆ عیلمی چۆنە، زەڕەیی ئاخریەتی چونان
هەرچی ببینرێت و بڵێن و ببیسترێ
ما هو خودا، خودا بە خودا برتر است از ئان
تەقریری چی بدەم کە زوبانن بە کول زەبوون!
تەحریری چی بکەم، خەت و مەت یەک قەڵەم خەتان
شەممێکی بادی سوبحدەمی لوتفییە بەهار
زەڕڕێکی گەرد و بادی شەوی قەهرییە خەزان
دووری لەو، ئاگرێکە بە جەننەت دەکا جەحیم
ڕەوحێ لە قوربیایە بە دۆزەخ دەکا جینان
دووری ئەگەر بەڵایە، نزیکیشە ئیبتیلا
دوورن لە حەسرەتان و نزیکن لە حیرەتان
هەر کەس بە بارەگاهی جەلال ئاشناترە
زیاتر قسەی لە وەحشەت و دەهشەت دەدا نیشان
گوێ کەڕ دەبێ لە غولغولی سبحان ما عرفـ
ـناکەی عەنادیلی چەمەنستانی ئاسمان
ئەحمەد کە ئەکمەلی بەشەرە لەم مەقامەدا
ڕوتبەی کەمالی عیجزی لە لا اُحصییە عەیان
پەس من کە کەمترینی دوا ئوممەتی ئەوم،
چیم و چ قوڕ بکەم بە سەرا، چی بکەم بەیان
مەحوی! ئەدەب خەمۆشی و مەحوییەتە لەگەڵ
نەسرەوتنێکی، یەعنی بە دەم دەردەوە گلان
گریەی بە کوڵ، بە دڵ لە خەرافاتی خۆ خەجڵ
ناڵەی دڵی شەوان و هەناسەی سەحەرگەهان
هەر ئەو هەناسەیە کە بدا فێنکی بە دڵ
بەو تاقە ناڵەیە کە بگا گەرمیێ بە گیان