و صلى الله على ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە
کە دەرکی غەوری ناکا غیُر علم الله سبحانه
و صلى الله على ئەو زاتی پاکی قودسی ئایاتە
کە ئەخلاقی پەسەندیدەی جەنابی حەیی مەننانە
و صلى الله على ئەو حەزرەتەی ساحێب کەماڵاتە
کە ئەعلا موعجیزەیی، قوربانی بم من، نووری قورئانە
لە تاریکی شەوی کوفرا بە یەک دەم لەمعەیێکی دا
هەزار و سێسەد و بیست دووە، دنیا چراخانە
چرایەک نووری بێچوونی مومیددی بێ، دەبێ وا بێ
چرایەک دەستی قودرەت خۆشی کا، بۆ تا ئەبەد مانە
تعالى الله بە دو دەه بوو کە هەر دوو عالەمی داگرت
بنازم بەم کەماڵی عەزم و حەزم و شەوکەت و شانە
لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوهدی دنیایی تەماشا کە
کە یەک لەت نانی جۆ بوو قووتی، یا خورما دوو سێ دانە
فەلەک جاهێ سەری خەرمانی تا عەرش، ئەڵبەتە نابێ
تەنەززول کا علوووی هیممەتی بۆ دەنکە زیزانە
موهیممێ غەیری زاتی حەی لە هیممەتیا نییە، ئیللا
لە بەر ئەم ئوممەتە بێ هیممەتە دایم بە ئەحزانە
چ مەدحێکت بکەم لایق بە تۆ یا خیر خلق الله
منی بێ خێری نالائیق کە جیبریلت سەناخوانە
بەیانی گەورەیی خولقی کەسێ ئایەت لە شەئنی بێ
نە مەقدووری من و تۆیە، نە ئیشی قِس و سَحبانە
لە ئادەم تا مەسیحا، ئەنبیا یەک یەک بە قەومی خۆی
خەبەر داوە: لە پاش ئێمە کە دێ، ئەو فەخری ئەکوانە
نوعووتی خۆی و نەعتی ئال و سەحبی وەک گوهەر دەرجە
لە دورجا، یەعنی کوتوبی مونزەلەی ئەو ئەنبیایانە
چەها ڕوهبان و کاهین، هاتیفی غەیبی بە یەکتریان...
دەدا موژدە کە جەننەت دێتە دنیا بەم نزیکانە
کە تەشریفی قدوومی هاتە دنیا، بارشێکی فەیز
لە هەوری مەرحەمەت باری، کە ئاساری نومایانە
ڕشێنەی ئاگری بەردایە عومری ئاگری زەردەشت
بە بەرقی بوو کە شەق بوو تاقی کیسڕا بوو بە وێرانە
دڵی سووتا بە زەردەشت و بە کەسری کیسڕەوی گریا
ئەوەندە بەحری ساوا نم لە چاویدا بووە تانە
ئەتۆش ئەی نەفسی بەد تینە، بەبێ جێ دڵ مەسووتێنە
لە بەر کسر و کەمی دنیا، بەسە ئەم شین و گریانە
هەموو کارت بە حیلە خزمەتی فیکری عەزازیلە
عەزا وەک پیرەژن مەگرە، دیارە کاری مەردانە
بە زیکر و فیکری شیمەی موستەفا وەقتت موسەففا کە
کە باسی ئەو سەفابەخشە، تەرەب خێرە، دوڕئەفشانە
محمد ئیبنی عبداللهی عبدالمطلب، هاشم
سەفاوەی ولدی اسماعیل و سەفوەی ولدی عدنانە
ئەوە هادی سوبول، تەنیا ئەوە مەبعووسە بۆ سەر کول
بەوە خەتمی ڕوسول، خاتەم ئەوە، تاجی ڕەسوولانە
شەفیعی ڕۆژی ڕەستاخێزە، بۆ هەمووانە دەستاوێز
ئەوە ئەو ڕۆژە وەک خۆ، ما بقى صُما و عُمیانه
لە زیکری ئەو دەجۆشێ ڕەئفەت و ڕەحمەت دەبارێ هەم
ڕءُوفُ هەم ڕحیمُ وەسفی ئەو وەک وەسفی ڕەحمانە
خودا لەو زیکر و فیکرەم قەت نەکا غافڵ زوبان و دڵ
هەتا غونچە دڵ و سۆسەن زوبانی باغ و بوستانە
لەگەڵ مەحزی خەیاڵی، دڵ بە جارێ بۆتە کێوی توور
لە کن وەسفی جەماڵی، لێوی واسیف گوڵ بە دامانە
جەلال و شەوکەتی، ئەستۆ شکێنی سەرکەشانی عەسر
جەمال و تەلعەتی، جەوهەرگودازی زوڵمەتستانە
تەماشا کردنێکی، ڕۆح بەخشی عالەمی مردوو
نیگاهێکی بە توندی، ڕەستخێزی عالەمی جانە
لە ڕۆژی حەرب و زەربا، ڕوعب و سامی ڕۆح ئەکا سەرسام
ئەگەر شێری ژیانی ڕوو بە ڕوو بێ، چاری نەژیانە
کە وەقتێ ئال و یارانی لە خدمەتیا دەبن وەک ڕۆح
حەیاتە، نووری چاوە، ئونسی جانە، مەحزی ئیحسانە
گەهی دانیشتنی، کێوێکی تەمکینت لە بەر چاوە
لە وەقتی ڕۆیینیدا، هەر دەڵێی سەروە خەرامانە
لە ڕوخساری لەتیفی گوڵ، لە جەعدی عەنبەرینی دڵ
دەجۆشێت و دەبارێ، ئەو گولستان، ئەم دلستانە
لەبی ڕۆحی ڕەوان و نێوچەوانی ڕۆژی لێ دەتکێ
زوبانی تا شەکەرڕێزە، دەهانی گەوهەر ئەفشانە
مەلاحەت مەحوی دیداری، حەلاوەت وەقفی گوفتاری
تەراوەت نەزری گوڵزاری، کە ڕەشکی باغی ڕیزوانە
وەکوو یاقووت و بەردی تر، جەنابی ئەحمەدی موڕسەل
کە تێفکری لە ئینسانە، بەڵێ، ما نەک وەک ئینسانە
وجوودی ئەو لەگەڵ باقی وجوودان ئەر نییە فەرقی
بە قەد ڕۆح و جەسەد، بێ سێبەری خاریج لە ئیمکانە
مەگەر ئەو سێبەرانەی خەزنە مەندە کردووە بۆ حەشر
چ دڵسۆزە کە لەو گەرمایەشا سایەی لە سەرمانە
لەگەڵ بێ سایەیی، سایەی خەیاڵی کەوتە سەر هەر کەس
چ کەسدار و چ بێکەس، سەییدە، سەردارە، سوڵتانە
ئەوی ساتێ لە بەر پێیا سەری تەسلیمی دانابێ
ئەبەد مالیک ڕیقابی گەردنی تەسلیمی شاهانە
غول و بەندە و غوڵام و خادیم و دەربانی بەر دەرگای:
نەجاشی و توببەع و هیرقەل، عەزیزی میسر و خاقانە
کەسێ جێ هەڵتروشکانێکی لەو بەر قاپیە دەس کەوت
بە عاری دێ بڵێن ئەم جێگە وەک تەختی سولەیمانە
خودا پێداوەکانی فایزی ئیکسیری سوحبەت بوون
چ من، چی تۆ، مەلائیک، ئەنبیا خۆزگەی بە خۆیانە
عولووی مەرتەبەی گەر شەممەیێکت تێ گەیێنم من
دەترسم بەردەبارانم بکەن ئەم تێ نەگەیوانە
نەزەر دەرکی عولووی هیممەتی ناکا یەقین ئەمما
لەگەڵ باقی ڕوسول دا تێبگەی، بۆ فەرقی بڕوانە
شەفاعەی نووحە بۆ کەنعان و ئیبراهیمە بۆ ئازەر
ڕسول الله شافیع بێ چ بۆ خزم و چ بێگانە
بە قوربانی ڕجایەک بم کە ڕاجی بێ موحابا بێ
ڕجا قوربانی یەئسە، بێتە سەر خۆمانە خۆمانە
کەلیم أرنی کە فەرموو هەر جوابی لن ترانیی دی
موشەڕڕەف بوو موحەممەد بێ تەڵەب بەو مەرتەبە و شانە
عورووجی عیسەوی تا ئاسمان و شەمسی عالەم بوو
عورووجی ئەحمەدی تا لامکان و شەمسی جانانە
لە زەرفی یەک نەفەسدا شەو هەزار ئەندەر هەزاران ساڵ
زیاتر بەڵکی ڕێ تەی کات و ڕیجعەت کا هەر ئەو ئانە
چ ڕێیەک؟ بەو هەموو شاباڵەوە جیبریلی ذی قُوۀ
بە جێ مابوو لە ڕێ، دەیوت: خزم مەیدانی سووتانە
کە گەییە زاتی باری، نووری بێچوونی لە سەر باری
کە هەڵگیرسا، بە دەوری شەمعی خۆیا بوو بە پەروانە
قبوولی لێ کرا هەرچی ڕجا بوو، پێی درا هەرچی
عەتا بوو، هاتە جێ هەرچی سزایی ئیکرامی میهمانە
لەگەڵ هەر خەتوەیەک تەهسیلی عیلمێکی لدُنّی کرد
لە هی ئەو سەر دەپرسی ڕۆحی حیکمەت نووری عیرفانە
بە مافیهایەوە هەرچی هەیە عیلمی کورەی نۆ چەرخ
بە قەترێکی بزانە، دیدەکەم، لەو بەحری عەممانە
لە بەر نوقسانی تەشبیهم پەشیمانیشم و دەشڵێم
کە ڕۆیی بەدری کامیل، هاتەوە خورشیدی پەخشانە
بە ئاوابوونی نووری ون دەبێ خورشید و ئەم شەمسە
لە ئاوابوونیا نوور و ئیزاعەی سەد دوو چەندانە
ئەوەندەی لێ دەزانم بەم نەزانی خۆمەوە مەحوی
بە چاوی سەر خودابینە، بە چاوی دڵ خودازانە
چ چاوێ؟ کوحلی ما زاغ البصر سورمەی سەوادی بێ
مونەووەر بێ بە نووری ڕوئیەتی بێ چوون و چەندانە
چ دڵ، قەترێکە، ئەمما عەرشی ڕەحمانی تیا دەرجە
چ دڵ، نوقتێکە، ئەمما مەرکەزی پەڕگاری ئیمکانە
فەقەت چاوی حەسوود و قەلبی مونکیر کوێر و بێ دەرکە
لەم ئیدراکاتە، بەهرەی هەر عەزابی یەئس و حیرمانە
دەبێ چاو و دڵێکی پاک و بێ غەش میسلی ئاوێنە
ببێ ئەو سوورەت و مەعنایە بنوێنێ کما کانَ
خودا ئەم ئاینەی لائیق بە بو بەکر و عومەر دیوە
کە ئەووەڵ سانی و سانی شەرەفیابە بە لَو کانَ
لە بەعدی ئەو دووە عوسمانی ذی النورینه ذوالانوار
عەلی شاهی ویلایەت، بابی عیلم و شێری یەزدانە
بەسەریانا، بەسەر باقی سەحابە و ئال و یارانا
ببارێنێ خودا هەر ئان و وەقت و ساعە رضوانَه
بە نووری عەکسی پێغەمبەر ئەوەندە مونعەکیس بووبوون
غەریبی تازە هاتوو دەیوت: ئەم پێغەمبەرستانە
خودا هەر موعجیزەی لائیق بە هەر پێغەمبەرێ دیوە
هەموو ئەو موعجیزاتەی داوە بەم سەرداری هەمووانە
یەدی بەیزا چیە، هەر تاقە ئەنگوشتێکی چەند ئیعجا
ـزی لێ زاهیر بووە، هەر یەک وەکوو ماهێ کە تابانە
ئیشارەی یەک سەر ئەنگوشتی مەهی لەو دوورەوە شەق کرد
هەر ئەو ئەنگوشتە بوو دەتوت فوارەی ئاوی حەیوانە
سەری کرد ئاو ئەوەندە لەشکرێکی سێسەدی دا ئاو
لەگەڵ ئاوی وزوو، بە خوا ئەو ئاوە ئابڕوومانە
هەر ئەو ئاوە بووە تۆفانی داغستانی کوفر و شیرک
هەر ئەو ئاوە تەراوەت بەخشی باغستانی ئیمانە
شەوی هیجرەت کە ئەعدا زۆری هێنا، مشتەخاکێ بوو
پیا چەندن، دەبەنگ و کوێر و کەڕ مان ئەو لەعینانە
لە ناو ئەو گورگ و ورچ و سەگ گەلە دەرچوو باذن الله
بە یاری غارەوە، یاری لە باری، ڕێ لە بەریانە
وەکوو خورشید و مەه پێی سەیریان لێ هەڵبڕی تا غار
لە غارا سەیری کرد ئەعدا کە وەک سێبەر لەدوویانە
بە یەک دوو عەنکەبووت و کۆتری بێ فام و بەستەزمان
شعوور و فەهمی گۆڕی لەو سەگ و ئیبلیس و دێوانە
بەهەشتی داخڵی یەسریب دەبێ، طوبىٰ لە بۆ ئەنسار
بە کوففارانی مەککە تا ئەبەد یا وَیلنامانە
ئەگەر ئەم هیجرەتە نەبوایە، دین ئەم شەوکەتەی کەی بوو
کە هەر کەس تێ بگا بەم دینە نەسخی جوملە ئەدیانە
بە هیجرەت، غیرەتی دینی موهاجیر، خدمەتی ئەنسار
لە قووە هاتە فیعل و بوو لە عالەمدا بە دەستانە
لە فەیزی هیجرەتە ئەسحابی بەدر ئەم شەو هیلالی بوون
سبەی هەر یەک بووە بەدرێکی کامیل ئەو هیلالانە
چ هیجرەت؟ شەهدی وەسڵ، ئارامی جانە بۆ هەواخواهان
چ هیجرەت؟ بۆ عەدوو تەعزیبی ڕۆح و زەهری هیجرانە
هەواخواهی علیه الرحمه و الرضوانیان بۆ ما
ئەعادیشی علیه اللعنه بەشیان و بەسیانە
کەسێ ئایەی عفا الله عنک مەحزی دڵنەوایی بێ
معاذ الله دڵی ئەو ڕەنجە کردن عەینی خوسرانە
کەسێ بێنێتە نوتق ئاسک، بەعیر و سووسەمار و گورگ
بە تەسدیقی موقیڕ بن یەک بە یەک ئەم بێ زوبانانە
بە ئەمری یا ئیشارەی بەس درەختی ڕیشە دابەستوو
لە ڕەگ دەربێت و بێتە خدمەتی ڕەقسانە ڕەقسانە
بە تەکزیبی کەسی وا، ناکەسێ جورئەت بکا لا شک...
سەگی هارە، بەرازە، مولحیدە، بووجەهلە، شەیتانە
سەبیر اهبط ئیفادەی بوو، حیرا ایت الیی عەرز
نە وەک ئەو وەحشییانە پڕ دەنە ئەو ڕۆحی ئینسانە
لە دەستی دا کە بەردە وردە دەستی کردە تەسبیحات
چووە سێ دەستی کەو هەر جۆشی بوو سُبحانَ سُبحانَ
لە ڕۆژی ئەربەعادا بوو کە ساتێ حەپسی ڕۆژی کرد
لە سەهبادا تلووعی پێ دەکا دووبارە لەو شانە
چتیرێ بوو و مەنێ جۆ ڕۆژی خەندەق قووتی دەه سەد کەس
بە تەکمیلی، بە ڕووخۆشی، عەتا فەرموو کەریمانە
لە هەر ڕێیەک دەڕۆیی، بۆ سەلام و سوجدە بەر بردن
چ جۆشێ بوو دەکەوتە دار و بەردی ئەو مەکانانە!
بە هەوری تێ مەگەن، ئیللا مەلائیک شەهپەڕی خۆیان
هەموو دەم یەک دەدا بۆ سایەبانی ئەو سولەیمانە
دوعا فەرموونی بۆ عاهات و دەردی بێ دەوا سەیرە
لە دڵیایە کە ئاساری ئیجابەی مەرهەمی جانە
چیە ئیبرا، وەرە سەر موعجیزەی ئیحیا بە حەددێکە
لە ئەنفاسی نفختُ فیه من ڕوحی نومایانە
ئەوەندە چاوی پڕ بێ نووری پڕ نوور و مونەووەر کرد
کە نەرگس چاوەچاوی نووریە لەو نووری چاوانە
خەبەردانی لە موستەقبەل قسەی چی لێ بکەم تا حەشر
هەموو بەر تیبقی فەرموودەی ئەوە ئەم واقیعاتانە
بەیانی شەش حەو ئیعجازی لە جوملەیی سەد هەزار ئیعجاز
ئەوی دەیکا پەشیمانە، ئەوی نەیکا پەشیمانە
ئەگەر بێ موعجیزاتی سەد یەکێکی بێنمە تەحریر
دەبێ هەر تاقە بەیتێکم ببێتە سەد کوتوبخانە
چ قابیل من بە سەد بەیتێکی کوردی، سەد هەزار ئەسرار
بدەم شەرح و بەیانی کەم لەگەڵ ئەم عەقڵی نوقسانە!
کە هەر سیڕڕێکی عەقڵی کول تیا کول مایەوە بالکُل
کە هەر سیڕڕێکی سەد عاریف تیا مەدهۆش و حەیرانە
فەقەت نابێ کە دەرکی کول نەبوو یەکبارە تەرکی کول
بە باغێکە لە کن بولبول گوڵێ لەو باغ و بوستانە
لە هَمزیّه و لە بُردەم چونکە کەم دی ئیستیفادەی کورد
منیش ئەم کوردییەم دانا لە ڕیزی ئەو قەسیدانە
زوبانی عیشقبازی خۆشە گەر کوردی وەگەر تازی
قسەی بێ سۆزی عیشق هەر گەوهەرە، مەحبووبی بێ ئانە
ئەلا ئەی فەخری عالەم رحمة للعالمینی تۆ
لە دەرحەق ناکەس و کەس ڕەحم و لوتفی ئێوە یەکسانە
بدە ئیزن، ئەم قەسیدەی کوردییەش بێتە مەقامی عەرز
ئەگەرچی وەک شعوورم شیعرەکانیشم پەرێشانە
موکەڕڕەڕ بوو قەسیدەی بوردە نەشئەی عالەمی پڕ کرد
بفەرموو بەم قەسیدەی کوردە نۆبەی نەشئە پێوانە
ئەگەر بوردە، ئەگەر کوردە، ئەگەر سافە، ئەگەر دوردە
قبوولی تۆ کە بوو لەبڕێزی نەشئەی ڕەوح و ڕەیحانە
قبووڵی تۆ نەبوو، سەد با عەرەب بێ، هەر ئەبووجەهلە
قبووڵی تۆ ئەگەر بوو، فورسی دوو سەد ساڵە سەلمانە
منم وەک ئەو زەعیفە، ئەم قەسیدە، ئەو گلە دەزوە
ئەمن کڕیاری ماهی لامکان، ئەو ماهی کەنعانە
منم مووری زەعیف و ئەم قەسیدە لاقە کوللەی من
فەقەت من هەدیەکەم خدمەت سولەیمانی سولەیمانە
بە چاوی مەرحەمەت بڕوانە هەدیە و ساحێبی هەدیە
بە زۆری ڕابوێرە ئەم کەمە لەم کەمترینانە
قبووڵی کەم لە کەم کردن، وەها وا تێ بگا زۆرە
بە تۆ زۆری بزانم، کەمتری شیمەی کەریمانە
ئەدەب وایە کە لەم گوستاخیانەش تۆبە کەی مەحوی
خەیاڵی خاوە عەنقا ناکەوێتە داوی ئەفسانە
دەبێ هەر موو زووبانێ، هەر زووبانێ داستانێ بێ
بکەم نەختێ بەیانی ناکەسی خۆ بەو زوبانانە
ئەوەندەی زاتی ئێوە مەخزەنی فەزڵ و کەماڵاتە
لە مندا بەو حەدە نەقس و ڕەزایل دەرج و پەنهانە
دەخیلی ئەو سەگی بەر قاپییەم جارێ بە یەکجاری
سەرئەفرازم بکە، فەرموو: سەگی بەر دەرکی خۆمانە
وەکوو جامی دەڵێ، ئەم وشک هەڵاتوو من سەگێکی گەڕ
جگەر تینووم و دەخوازم نمێ لەو بەحری ئیحسانە
بە یەک دوو قەترە تێر ئاوی حەیاتی کە وەکوو قیتمیر
لە کەهفی خۆتیا ڕێ دە، سەگی ئەسحابی خۆتانە
دەکەم عەرزی نیاز، ئەرچی لە تۆ نایابە مەخفی ڕاز
بە جان و دڵ، دڵ و جانم خودا خواهانە، خواهانە
لە تۆ حوببی خودا بۆ خۆم و بۆ ئەولاد و ئەحبابم
کە حوببی ماسیوا دەرکا لە دڵ وەک بت لە بتخانە
خودایا هەم لە تۆ حوببی ڕەسوول و ئیتتیباعی ئەو
کە ئیکسیری مسی ماهییەتی مەغشووشی ئینسانە
ببارێ، یا ڕەبی هەر لەحزە سەد لەک بارشی ڕەحمەت
لە سەر ئەو، هەم لە سەر ئەو جەمعی ئال و سەحب و یارانە
هەتا ئاگر گڕێنی شۆڕشی تەبع و خرۆشی دڵ
کزە و سۆزەی نەسیمی سوبح و ئێوارەی بەهارانە
سەبا، تا لێوی غونچەی گوڵ دەکا تەعلیمی شەککەرخەند
نەسیمی سوبحدەم تا پەرچەمی سونبول دەکا شانە
هەتا هەوری بەهاری غازەکاری گوڵشەنە ئیشی
هەتا بولبول لە سەر گوڵ نەغمەخوان و ناڵە سەنجانە
بڵێن ئینس و مەلەک پڕ بەم زەمین و ئاسمانانە:
و صلی الله علی ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە
کە دەرکی غەوری ناکا غیرُ علم الله سبحانه