شاعیر و شێخ و خواجە دەربەدەرن
لە قسەی بێ نەتیجەدا دەمرن
باسی زولفی درێژ و چاوی بەخەو
نەبڕاوە بووە تڕی خوسرەو
قەید و تەزبیب و حاشیە و ئیعراب
هەموو با بردی بوونە مەوجی سەراب
سەفەر ئەندەر وەتەن چ کەڵک دەگرێ
سەیری ناکەی شەمەندەفەر دەفڕێ
بە قسەی سادە برسی تێر نابێ
عەمەلە عیززی دین و دونیا بێ
ئاسنی سارد بە فوو نەرم نابێ
بە تڕانیش حەمام گەرم نابێ
تەلغرافیش تەلێکە بێمایە
موخبیری ڕوویی کوللی دونیایە
جەوهەری فەردی ئەو موجەززا بوو
یا نەبوو، حاسڵی چ پەیدا بوو
گفتوگۆ حاسڵی هەمووی بایە
عەمەلیاتە نانی تێدایە
عولەمامان بە قەولی بێ سەر و پا
پاکی خنکا لە بەحری وشکی هەوا
سەنعەتێک فێر نەبوون لە پاش تەحسیل
سەیری چۆن بۆ مەناهی بوونە دەلیل
یەک بە یەک بوونە خاینی دەوڵەت
خاینی موڵک و دوشمنی میللەت
تا تەعیناتی کۆر و لاڵ مابوو
لە گەلێ دێیەکان مەلای چا بوو
ئەو دووانە بە ڕەحمەتی خوا چوون
شارەکان بێ مەلا و مودەڕیس بوون
بەڵێ وایە لە ئەلزەمی ئەشیا
ئەووەلەن خواردنە، دووەم سوکنا
سێیەمی سەتری عەورەتە ئەنجا
مەشغەلەی لا إله إلّا اللّه
پشتیوانی بینای شەرعی مەتین
شیر و بەخشین و خامەیی ڕەنگین
بەو شەشە دین موحافەزە دەکرێ
یەکێ مرد لەم شەشانە دین دەمرێ
عەجەبا بۆ چی ئەهلی موڵکی عێراق
ئیتتیفاقی بەدەل دەکەن بە نیفاق
بۆ ئەمیرانی غەیرە دەبنە گزیر
نەک لە خۆیان یەکێکی بێتە ئەمیر
ئێستەکەش فرسەتە گەلی یاران
کەپەنەک بۆ چییە لە پاش باران