ئاڵەکۆک

حاجی قادری کۆیی add_a_photo
حاجی قادر مەسنەوی
١٠. شێخ بزەینی قسەی وەکوو جافە
شێخ بزەینی قسەی وەکوو جافە
خۆ کەرامەت نییە ئەمیش لافە
ئەو وەکوو ئێمە نین بە ئیدراکن
ساحیبی نوسخەیی گەلێ چاکن
وەکوو بەهرام و خوسرەو و شیرین
لەیل و مەجنوون و چەندی وا ڕەنگین
هەمویان ڕەمز و کانیی عیرفانن
فێری بن چونکە خزمی خۆمانن
مەم و زین و دیوانی شێخی جزیر
گەلێ چاکن بە سەهلی بێننە گیر
ئەم دووانە ئەمێستە تەرجەمەیان
زۆرە حەتتا لە نێو فەرەنگستان
وای بخوێنن لە وەجهی موحتاجی
وا بزانن بە خۆیەتی حاجی
هەم ڕەواجی بدەن لە هەر لاوە
تێ نەگەن مردووم، بڵێن: ماوە
قەت تەسەوور مەکەن تەرەفداری
غەیری غیرەتکەشی و غەمخواری
من کەسێکم زەمانەیی ناکەس
دایبڕیوم لە قەوم و قیلە و کەس
هەر منم ئێستا وارسی عیسا
بێ ژن و ماڵ و بێ کوڕ و مەئوا

پەراوێز edit