خاکی جزیر و بۆتان، یەعنی وڵاتی کوردان
سەد حەیف و سەد مخابن دەیکەن بە ئەرمەنستان
وا ڕێگەتان دەبەسرێ عێلاتی جاف و بڵباس
گەر مردوون لە گەرمێن مەمنووعە بچنە کوێستان
کامی کچ و هەتیوی شیرین بێ ڕایدەکێشن
هاوار دەبەن ئەبەر کێ پەشمە دەخیل و ئامان
مەسجید دەبێتە دێرە ناقووسیان موئەززین
مەتران دەبێتە قازی، موفتی دەبێتە ڕەهبان
هیچ غیرەتێک نەماوە سەد جار قەسەم بە قورئان
پەیدا بێ ئەرمەنستان نامێنێ یەک لە کوردان
سەرتان لە قوڕ هەڵێنن، ئەحواڵمان ببینن
چۆنین لە دەستی زوڵمی بێدینی دوور لە ئیمان
وەڵڵاهی سوممە بیللا، تەڵڵاهی ئەم بەڵایە
هەر هێندی پێ دەزانن ئیقلیمی کردە تۆفان
تۆفانی ئاو نییە هیچ دەرچێ لە کێوی جوودی
بەحری تفەنگ و تۆپە، ئینسانە بەحری عوممان
ئەم قیسسەیەی کە کردم ناگاتە چەند ساڵێ
ئەم حاڵەتە دەبینن یەک یەک بە چاوی خۆتان
حاڵ ئێستەکە وەهایە مەگەر خودا بە سووکی
تێکیان بدا وە ئیللا دوورە لە عەقڵی ئینسان
هەرچی وەکوو بەیانم بۆ کردوون بە تەحقیق
پەیدا دەبن سەگانە، کام قوڕ بکەین بە سەرمان
لەم بەینە ئیتتیفاقێ پەیدا بکەن بە مەردی
فەرقی نەبێ شوان و جوتیار و میر و گاوان
[سوێندیش بخۆن بە دین و ئیمان و سێ تەڵاقە
بۆ حیفزی دین و میللەت خۆتان بکەن بە قوربان]
گەر هیچ نەبێ بە ئۆین تابیع بە دەوڵەتێ بن
بێگانە چاکە دوشمن نەک دوشمنی لە خۆتان
ڕۆمی وەکوو بەنی موون کەس پشتیان پێ نەبەستێ
کەوتوونە داوی خۆیان، سەرگەشتە ماون و حەیران
کوا والیی سەنەندوج، بەگزادەیی ڕەواندوز
کوا حاکمانی بابان، میری جزیر و بۆتان
ئەو ئایەتەی فَسِیرُواْ فِی الأَرْضِ خوا کە فەرمووی
ئیجرای دەکەن سەگانە بالنفسه شاهی خۆیان
کوا ئەو دەمەی کە کوردان ئازاد و سەربەخۆ بوون
سوڵتانی موڵک و میللەت، ساحیبی جەیش و عیرفان
جۆشێک بدەن وەکوو هەنگ، تەدبیر بکەن بەبێ دەنگ
ئەسبابی شەڕ پەیا کەن ئەرکانی حەرب و لێدان
پاڕانەوە و تەوەککول لەم عەسرە پارە ناکا
تیرە دوعایی جەوشەن پەیکانە حیرزی مەیدان
بۆچی بەشیری ئێمە یەعنی ڕەسوولی ئەکرەم
هیچ ئەدعییەی نەزانی ڕۆژێ کە دەچووە مەیدان
وەک خێوە و بوخارا، ناڕوا بەڵا بە هیممەت
ڕەفعی بکەن مەشایخ، دەفعی بکەن مەلاتان
هەر میرێ کەوتە شوێنی یەک دوو کەسی ڕەش و ڕووت
خەڵکی بە موور دەزانێ، خۆی حەزرەتی سولەیمان
یەکتان نەچوونە گەردش وا تێ دەگەن لە دنیا
هەر پادشاهی ڕۆمە و شاهی عەجەم لە تاران
قوتبی زەمانە خالید ئاوارە بوو وەکوو من
بێ قەدر و قیمەت و شان، بێ خان و مان و بێ نان
شیر و قەڵەم شەریکن لەم عەسرەدا، درێغا
شیرم قەڵەمتراشە و کالانییە قەڵەمدان!
ئەم مەسئەلە مەشهوورە گەر قوڕ دەکەی بە سەرتا
ئیکسیرە خاک و خۆڵی دەرماڵی گەورەماڵان
تەنها ئەمە وەها نین، دیباچەیی مەم و زین
حاڵیت دەکا چلۆنە ئەحواڵیان سوخەندان
خۆتان دەڵێن: ئەگەرچی مەشهووری خاس و عامە
هەر ڕێوییەک گەڕابێ ئازاترە لە شێران
سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ
ڕۆژنامە و جەریدە و کەوتۆتە قیمەت و شان
بنواڕە سەعی و غیرەت ئێستا لە دەوڵەتی ڕۆم
خۆیان خەزێنەدارن، خۆیان تەبیب و سوڵتان
هەر دوێنێ ئەهلی سوودان هەستانە پێ وەکوو شێر
ئێستێکە موستەقیللن مەحسوودی کوللی ئەدیان
بولغار و سیرب و یۆنان، هەم ئەرمەن و قەرەتاغ
هەر پێنجیان بە تەعداد نابن بە قەددی بابان
هەر یێکە موستەقیللن، کوللێکی دەوڵەتێکن
ساحیبی جەیش و ڕایەت، ئەرکانی حەرب و مەیدان
هەم حەققیانە ئەرمەن غیرەتکەشی یەکترن
وەک ئێمە نین لەگەڵ یەک دەعوا بکەن بە شیران
بۆ فەننی حەرب و سەنعەت، بۆ زەبت و ڕەبتی میللەت
دەینێرنە ئورووپا گەورە و بچووکی خۆیان
حاجی کەسێکە بێکەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ
گوێی لێ گرن زەریفە، ناگرن بەڵا لە خۆتان