گوتم بە بەختی خەواڵوو: بەسە ئەتۆ بی و خودا
لە خەو هەڵستە زەمانێ بچینەوە ئەو لا
گوڕەی بەهارییە ئێستێکە شاخ و داخی وڵات
پڕە لە لالە و نەسرین و نەرگسی شەهلا
لە گرمەگرمی سەحاب و لە هاژەیی باران
چیایە پڕ لە هەرا و نواڵە پڕ لە سەدا
پڕە لە سەیل و لە گۆلاو و کانی ڕوویی زەمین
پڕە لە بەرق و بریقەی برووسکە جەووی سەما
شکۆفە درهەمی شاباشی بای وەعدە دەکا
لە شەوقی مەقدەمی خەمڵیوە دار و بەردی چیا
پیاڵەیی زەڕی نەرگس لە سەر کەفی سیمین
پڕە لە شەبنمی وەک دوڕڕ و لوئلوئی لالا
گوڵیش بە پەنجەیی فەیرووزە جامی یاقووتی
لەبۆ نیساری موهەییایە پڕ لە زەڕڕی تەڵا
لە شادی وەک سەفی شایی لە کێو و کەژ ئەزهار
هەژا بە خەلعەتی گوڵگوون و کەوتە ڕەقس و سەما
چەمەن لە لالە میسالی خەتی ڕوخی دولبەر
سیاه چادری لێ بۆتە خاڵی سەر گۆنا
لە کن بەنەوشە و خاو و هەڵاڵە و بەیبوون
هەڵاڵی پێستەیی خاوە عەبیر و موشکی خەتا
چیا لە تەوقەسەری داڕژاوە تا کەمەری
چو زولفی سونبولی دەرهەم، چو پەرچەمی بەڕەزا
بە جۆشی ئاگری گوڵناری کانی هەڵدەقوڵێ
میسالی دیدەیی وامیق لە حەسرەتی عەزرا
قەڵاتی زیوی ڕوخاوە هەرەس بە تۆپی نەسیم
سوپاهی لالە و گوڵ چادری لە جێ هەڵدا
لە گۆلەشینێ کە قاز و مراوی دێن و دەچن
نەزیری ماه و ستارەن لە قولزومی مینا
شنەی نەسیمە سەدای ئاوی سافی سەر قەڵبەز
بە ورشەورشی گیا شەنگەبی بووە شەیدا
خرینگ و هۆڕی قوڵینگ و قەتاری سی لە سەران
دەیێت و کەو دەفڕێت و شەهێن چریکە دەکا
لە پیڕەپیڕ و لە سمکۆڵی پیرە گاکێوی
دەلەرزێ گاوی زەمین و دەترسێ گاوی سەما
لە بستوو، دووکەڵی شینی تفەنگی نێچیروان
میسالی سونبولی زولفێکە تێک بچێ بە سەبا
چیایە شێخ و کەوای سەوزە، مێزەری بەفرە
سیواکی چووزەرە ڕێواسە، تەیلەسانی گەڵا
چەمەن لە لالە و ڕەیحان و نەستەرەن ئیمڕۆ
سوپێهر و سوبح و شەوە و ئافتابی وەختی زوحا
چنار و عەرعەرە دەفزەن هەزارە نەغمەسەرای
گیاشی زاکیرە تەسبیحی شەبنمی لە ملا
لە ژووری مێگەلی هەورە، لە ژێری مێگەلی مەڕ
شەبیهی گوڵشەنی خەزرایە توودەیی غەبرا
لە کێو و کەژ کە سەر ئێوارە دێتەوە ماڵات
لە دەوری چادری ساحێبی مەوجی دا، وەستا
لە حیلەحیلی کەحێل و لە باڕەباڕی مەڕان
لە دەنگی قۆڕەیی گاجووت و بۆڕەیی مانگا
لە گورگەلوور و حەپەی سەگ، لە قاڕەقاڕی بزن
لە عەکسی دەنگی دوبارەی کە دێتەوە لە چیا
لە ئۆحەئۆحەیی گاوان و قیڕەقیڕی شوان
لە بگرەبەردەیی کابان دەبێتە حەشر و حەلا
مەلائیکەی سەری تاق و ڕەواقی مینایی
دەیێنە جونبوش و لەرزین، دەکەونە حەولەوەلا
کە هەڵکرا شەوێ ئاگر لە کوللی ڕەشماڵێک
خەجڵ دەبن لە زەوایایی خەیمەیی والا
عوتارید و زوحەل و ئافتاب و ماهی تەمام
خولاسە سابیت و سەییارە تا دەگاتە سوها
سەبا! دەزانی ژیانم لە دوورییان مەرگە؟
دەسا وەرە بە کزەی خۆت خەجڵ بکە عیسا
ئەگەر منم لە فیراقیان کزەم لە جەرگەوە دێ
ئەگەر دڵە وەکوو جەرگم دەڵێی ئەوا سووتا
لە پاشی ئەم هەموو داستانە بەختی خابالوود
میسالی ئەژدەری نووستوو بە ڕق لە خەو هەستا
جەوابی دامەوە ئەمما جەوابەکی وا ڕەق
نەما مەجالی مەقال و موباحەسە لەم لا
گوتی هەتاکو خەزان و بەهار و زستانە
مەداری عەیشی مەوالیدی عالەمی غەبرا
بەهاری وا هەموو ساڵێکی دێتەوە ئەمما
ئەوانی دەچنە دیاری مەمالیکی عوقبا
یەکێکی نایەتەوە؛ چوونیان هەر ئەو چوونە
لە شێخ و عالیم و جاهیل، لە پادشاه و گەدا
مەکانە، شەوقی بە عێلاتە، پەشمە کۆنەهەوار
حەیاتە زەوقی بە ئەحبابە، بایە ئاب و هەوا
ڕەفیقی کۆنە نەماون، جوانەکان پیرن
بە شەق دەڕۆن و لە داری دیارە شەققی عەسا
لە دووسەدی یەکەکی زەحمەتە بناسییەوە
مەگەر بە ناو و نیشان و بە خزم و باب و برا
کە بێی و بچیەوە ئێستا کأنَهُ دیسان
سەفەر دەکەی لە وەتەن دەچیە شاری جابولقا
خولاسەیی قسە ئێستێکە مەسڵەحەت ئەمەیە
بڵێی بە وەجهی نەسیحەت، بە کاغەز و ئینشا
ئەمان! کوڕانی ڕەفیق و برادەرانی وڵات
بە ئێوە هەر کە گەیی ئەم کەلامی بێ سەروپا
لە پاش ئەوەی کە تەسیح و موتاڵەعەی بکرێ
بە یادی من لە بەری کەن لە ڕوویی میهر و وەفا
هەتا لە خیتتەیی بێگانە فەخری پێوە بکەم
لە بەینی زومرەیی ئەحیا و مەجمەعی مەوتا
ونی مەکەن وەکوو ئاساری نالی و کوردی
لە سەهوی دیدە بپۆشن، گوزەر بکەن لە خەتا
نییە لە مومکینی ئیمکان خەتا و سەهوی نەبێ
بە غەیری خواجەیی دیوانی علَم الأسما
ئەوی حەسوود و جەهوولن، لەئیم و ڕەخنەگرن
لە عەیب و ڕەخنەیی عالیم بەری دەبن ئودەبا
ئەمانە زادەیی ئەفکار و خۆشەویستی منن
ئەگەر قەبیح و کەریهن، ئەگەر شەل و ئەعما
میسالی فەرخەیی ژیشک کە پێی دەڵێ دایکی:
ئیلاهی قاقومە یا خەز، سەموورە یا دیبا
شەبیهی جۆڵەکە ڕازی نەبێ بە سەردڕی خۆی
مەڵێن فەساحەتی کوردی بە فارسی ناگا
بەلاغەتێکی هەیە، هیچ زوبانێ نایگاتێ
لە بێ تەعەسسوبی کوردانە بێ ڕەواج و بەها
کە خۆتی تێ نەگەیێنی، لە نیکتەکانی نەگەی
دەڵێی هەمووی هەزەیانە، خودا بەڵای لێ دا
بەڵام ئەوانی کە سەڕڕافی زێڕ و زیوی قسەن
بە شەهڕەوایی دەزانن، چ سککەیێکە ڕەوا
چ حیکمەتێکە کە ئاساری کوردەنامووسی
نە کیمییایە نە عەنقا لە بەینی ئێمە نەما
ئیلاهی نەیخەیە بەر چەنگی مەندەبووری لەئیم
نقوودی حاجی کە نەیدیوە خوسرەو و دارا
ئومێدی وایە نەسیبی کەریمەکی وا بێ
بە خێری دایکی و بابی لە ڕێی خودا بیبا
گەلێ قسەم لە دڵا بوو، حیکایەتم مابوو
کەچی لە بەختی کەچم خامە نووکی لێرە شکا