بولبولێک بووم لە ڕکەیدا بە بەهاری ڕەنگین
دوور لە گوڵزار و لە دیداری گوڵاڵە و نەسرین
کازیوە، بۆ لک و پۆپی گوڵی باغی دەفڕیم
پەڕ و پۆم پێوە نەما، نیمە ئیتر هێزی فڕین
دەستی ئەو ڕاوکەرە بڕزێ کە بڕی باز و بڕست
سووڕی سورگوڵ بدەم و ڕوو بکەمە مێرگی شین
من چریکەم هەموو سووچی چەمەنی پڕ کردبوو
ئێستە نایە لە گەرووم بێجگە لە ناڵەی خەمگین
من کە شینگێڕی هەموو سوورە گوڵی پەڕپەڕ بووم
ڕەنگە هەر دڕکی پەڕیو لێرە بکا بۆ من شین
من کە بۆ دیتنی گوڵ هێڵی سنوورم دەپەڕاند
هەر لەسەر هەق گوتنێ ڕووتە کرام خانەنشین
شاوەڕیخنە دەگەڕێ وا لە دەراوی چۆمەڵ
دینی دینی گوڵە ئەو بولبولی دڵ پڕ لە ئەوین
تازە دڵخەستە و پەڕبەستە و بێ دەستەم من
وەرە دەر ڕاوکەری دڵڕەق لە کەلێن و لە کەمین
تێپەڕێ هێندە بەناخۆشی ئەگەر ژینی درێژ
خۆزگە سەد خۆزگە بەوانەی کەم و ئاسوودە دەژین