ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن پاشەرۆک
٦. دەسڕێژی لاوان
بڕۆ ڕێوی بەسیەتی چاونەزێری
پەلامارێ مەبە بۆ لانی شێری
گوتوویانە لە لانێ دەرپەڕێ شێر
هەموو دژمن بەزێنە مێ و نێری
مەیە بۆ ئەم چیا نینۆک شکێنە
دزی سیرمە و گەڕۆکی گەرمەسێری
بەتیکی سەخت و ئەستەم هەڵمەڕۆسکێ
خەریکی شاخەوانان هەڵبدێری؟
ئەتۆ و ڕژد و ڕکە و هەڵدێر و تیرەگ
لە گیانی خۆ مەگەر بێزار و تێری؟
بچۆوە بن گڕاڵک و کەندەڵانت
ئەتۆ کەی فێری نێو سوێسن و کنێری؟
بڕۆ کلکت بنێوە نێو گەڵۆزت
هەڵاتن ئیشی خۆتە باشی فێری
لە پێش تۆشدا شەهەنشاهانی خوێنڕێژ
خەریک بوون پێی نەهێڵن خێر و بێری
لەمێژە فێرە کوردی پاکی لاشەڕ
بەرەنگاری، فیداکاری، دلێری
ئەتۆ هەر قاتڵی زارۆک و چووکی
بەدیل و پیر و بێ ئەنوا دەوێری
دەنا بێ شک لەبەر دەسڕێژی لاوان
دەبێ وەک باڕەکەو هەر خۆت وەشێری
حیسابی کاری خۆت گەر باش دەزانی
لە مافی ئێمە بۆچی خۆ دەبوێری؟
کە لێت ڕووناکە ناهەموارە ڕێگا
ئەدی بۆ ڕێ بەڕێدار ناسپێری
ئەگەر باڵی هوماش بێ، سێبەری تۆ
کە مافی کورد نەدەی ناچیتە ژێری
عەدالەت گەر هەبێ پێویستە هەر کەس
لە ماڵی خۆی بکا خۆی چاوەدێری
چیای زاگرۆسە زورگ و بەردەڵانە
فەلەک نەیکرد و ناکا بەردبژێری
بەتانک و تۆپ و مێکی خۆت مەنازە
کە شوان کردی بەسەنگەر بەردەبێری
دەنێری چۆلەکە بۆ ڕاوی باشوو
کە جوندی بۆ شەڕی جووتێر دەنێری
کە ڕووناکبیر قەڵەم ڕۆکا لە چاوت
کەڕولاڵی نەوەک هەر کوتر و کوێری
لە بوختان و درۆت بێزارە یەکسەر
لە شێخی خانەقا تا پیری دێری
گەلی کورد دەستی دا چەک هاتە مەیدان
تەماشای گەورە شوان و شەنگەبێری
کە ترسابا لە کوشتن تۆرەمەی کورد
لە ئاسمانی ژیان ون بوو ستێری
فیدای کۆڕی خەباتت بم کچی کورد
کە گیانباز و فیداکار و بوێری
ئەتۆ سەربەرز و ڕووسووری و بەخوێنت
گوڵاڵەی سووری ئازادی دەدێری
فیدای لوولەی تفەنگت بم کوڕی کورد
کە دوژمن بەو تفەنگەت نابوێری
بە خەڵکی ڕاگەیاند دەست و تفەنگت
دژی زۆرداریی و داخوازی خێری
بژی پێشمەرگە رۆڵەی باوەفای کورد
کە ناترسی لە ڕەنج و تاڵ و سوێری
لە ئاشتی خوازیی و سوڵحا نموونەی
لە حەملە و هەڵمەتا بێ باک و مێری
١٣٤٢ - ١٩٦٣

پەراوێز edit