ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن پاشەرۆک
٥. بەهاری ئاڵ
لەمێژە ئاواتی منە
ببینم وڵاتی سنە
زێدی کۆن و ڕەسەنی کورد
بەدرێژایی تەمەنی کورد
ڕوانگەی هەزاران کارەسات
بنە و مەتەرێزی خەبات
شوورەی سەختی بەرەنگاری
پردەی وەختی فیداکاری
بۆسەی پێشمەرگەی کۆڵنەدەر
گۆڕخانەی سوپای داگیرکەر
بچمە لانی بەچکە شێران
قەڵاگای تەنگانەی مێران
جێ پەیکانی تیر ئەنگێوان
جێی پێکانی دەس بزێوان
خاکی نەتەوەی نەبەزم
هەر گوتوویە ئەزم ئەزم
***
تێر تێر بڕوانمە دیمەنی
لە خۆشیانی ببم خەنی
چاو بگێڕم لە ڕژد و لێژ
تا برینم ببن ساڕێژ
دانیشم لە بن دەوەنی
بڕوانمە مێرگ و چەمەنی
هەڵمژم هەوای زەنوێران
خۆ بدەمە بەر ئاوهەڵدێران
هەڵگەڕێم بە ڕاز و زەردان
بەردەمەوە جاڵە بەردان
لە بان ڕەوەزان بخوێنم
کەوی بەیان وەدەنگ بێنم
لەو ڕنوانە بکەم ڕەوت
دژمن بۆی نەکراون زەوت
لە مشارەیەک داگرم پێ
نەتەوی کرد سەرەنگرێ
تۆزێ بەردێ بکەم بەکل
(کە گەردوون پێی نەداوە تل)
وەک گۆرانی هەورامان پێو
پێ بنێمە سەر (پێپیلکەی دێو)
دانووسێم بەکانیاوی ڕوون
ڕابکشێم لەسەر هەڵەسوون
چەپکێ وەنەوشە بچنم
دەسکێ سوێسنە بڕنم
خۆم لە تیشێکی بکەم بەند
هەڵپسێنم چڵێ گیابەند
ئەشکەوتێ نەچێ لەبیرم
پەناگا بوو بۆ باپیرم
بگرم گەوە و پێچ و خەمی
بچمە سەر دوندی ئەستەمی
لەسەر کێوی بەرزی ئارێز
کوردستان بگرمە ئامێز
بەجوانی ئەو خۆڕسکاوە
ڕوون بنەوە ئەم دوو چاوە
ئەم چاوانەی گەلێ ماوە
لە سوێی کوردستان گریاوە
ئەم چاوانەی فرمێسکیان ڕشت
بۆ کوردێکی دژمن دەیکوشت
ئەم چاوانەی داگیرساون
هێند لە شینگایان گریاون
چم پێ دەڵێن لێرە و لەوێ
من کوردستانم خۆش دەوێ
پێشم بڵێن ونی و دێوی
دەپەرستم چڕ و کێوی
جا دەگەڕێمەوە پێ دەشت
بەلادێیاندا بکەم گەشت
ببینم دێم و بەراوی
بوورەی گاسن لێ نەدراوی
کێڵگەی بەڕێژەو و نەرمان
بەڵام بێ خۆیان و خەرمان
نە سەد، نە بناوان و نە بەند
جۆگەی جۆماڵ نەکراوی مەند
ئەستێری پڕ بووەی بۆگەن
پڕ لە لیتە و سێ سوو و جەگەن
جوتیاری ئازا و توند و تۆڵ
گاجووتی لەڕ و گاسنی کۆڵ
برسی هەژار بێ دەرەتان
ڕەش و ڕووت و بێ تۆو و نان
دەستی قەڵشیو پێ ڕاگیراو
گیرفانی دڕاو و بێ دراو
پاڵەی سواڵە هۆنی بەگورد
چەقڵی چاوی دژمنی کورد
خانووی کاول و ڕەش و برش
هەر نانی ڕەق و دۆی ترش
بۆی کرا درۆ و دەلەسە
کوا ڕێگاوبان و مەدرەسە؟
نەک مافی جووتیار نەدراوە
لادێمان خاپوور کراوە
سەرگەردان بوون لەنێو تۆڕا
بەوەی نییە نێویان گۆڕا
بۆ زەحمەتکێشی قارەمان
نە دوکتۆر هەیە نە دەرمان
بێ بەهرەن لە خوێندەواری
خوێندەواری و کوردەواری؟
***
هەتا هێزی خەڵک بزووت
بوو بەمەشخەڵی گەش بزووت
خەڵکی تێکۆشەر خۆی دەرخست
بەگژ ئەرتەش داچوو بەمست
ڕاپەڕینێک بوو بێ وێنە
وەڵات دەتگوت، گۆمی خوێنە
دیکتاتۆر بۆ پاراستنی خۆی
کردی هەرچی کە دەکرا بۆی
بەدەستی ستەم و تاوان
ڕژا خوێنی شۆڕە لاوان
زۆرداری بۆ زۆر مانەوە
بەڕق هاتە مەیدانەوە
بێ بەزەیی دەستی وەشاند
خوێنی ژن و پیاوی ڕژاند
زگی باوکی پیری سووتاند
ڕۆڵەی لەبەر دایک ڕفاند
ویستی خاکی پاکی ئێران
ئەوەندی دی بکا وێران
بەڵام خەڵکی لە گیان بێزار
دای نەنواند لەبەر زۆردار
لە تانک و تۆپ نەپرینگاوە
گوێی بەگوللە نەزرینگاوە
پێی داگرت، چەقی نەبەزی
تا داگیرکەر گورچووی تەزی
***
کوردیش بەشداری خەبات بوو
ڕۆڵەی ڕۆژی کارەسات بوو
لاوی گیانفیدای گیانفیدا
ئازایانە، شەهیدی دا
لە خەباتی خوێناویدا
لە هەڕەتی تەنگاویدا
کوردستان هەر بوو بەقەڵا
دیتی هەزار دەرد و بەڵا
ئێستا دەڵێ خوێنی گەشم
بۆ شۆڕش ڕشتوە کوا بەشم؟
دژی زۆرداری بووم، هەر وام
هەر دەمەوێ مافی ڕەوام
دەمەوێ بگەم بەنیاز
ناوم مەنێ جیاوازی خواز
کەچی پۆلێک کۆنەپەرەست
بۆ بێگانە بوونە داردەست
لە بەهاری ئازادیدا
لە کاتی خۆشی و شادیدا
خراپە کەوتەوە برەو
تەمایە ڕۆژ بکا بە شەو
سنەی جوانی خوێناوی کرد
درۆ و فێڵ و ناپیاوی کرد
ناپاک هاتەوە کایەوە
داوی بۆ خەڵک نایەوە
دەگرێ دەکوژێ دەبڕێ
شەڕ دەفرۆشێ زگ دەدڕێ
ژن و منداڵ ناپارێزێ
لێمان دەگرێ مەتەرێزێ
ڕاوە ڕووتە و خانەبگیر
گرمەی تۆپە و قرمەی شێست تیر
زەبر و زەنگی خۆی دەنوێنێ
لاوان لە خوێن دەگەوزێنێ
کوردستان بەهاری ئاڵە
جا بەخوێن بێ یا بەگوڵاڵە
١٣٥٨/١/١٠

پەراوێز edit