ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن شیعری ناو گۆڤارەکان
٤. مەحکەمەی ئیستیقلال
دوێ شەوێ گریام هەتا ڕۆژ، پێت بڵێم بۆچی برا
مەحکەمەی مەنحووسی ئیستیقلال وەبیرم هاتەوە
ڕیزەیان بەستبوو لە پێش چاوی منا گشتی هەموو
ئەم شەهیدانەی کە خنکاون بەسەد ئاواتەوە
پاک بەکفنێکی لە خوێنا شەتڵ و لێوێکی بەبار
پاک بەڕەنگێک و قیافێکی پەڕیوو و ماتەوە
هاتە گوێم لێکڕا دەیانگوت ئێمە کوژراین بێ خەتا
میللەتی کورد تا بە کەنگی تۆڵەمان ناکاتەوە
من لەسەر لوتکەی بڵیندی کێو لە حەق داوا دەکەم
تۆش بپاڕێوە جەنابی شێخ لەسەر ڕووی تاتەوە
بەڵکو ڕوحمێکی بکا پێمان خوداوەندی ڕەحیم
چیدیکە ژێر دەس نەبین دیسان وەسەرمانخاتەوە
(هێمنا) پێت وانەبێ یەزدانی بێ هاواڵ و فەرد
کەیفەری ئەم زوڵم و زۆرە، بێ حیساب ناداتەوە
گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ٢،١٣٢٢-١٩٤٣
( ئەم هەڵبەستەی ژێروو چەند دڵۆپە فرمێسکێکە کە لە شینی شەهیدانی ڕێگای سەربەخۆیی کورددا ڕژتوومە و پێم وایە هەموو کوردێک چ خوێن گەرم بیت چ خوێن سارد بەخوێندنەوەی شێعرەکان بێ ئیختیار فرمێسک دەڕێژێ و تووک و لەعنەت لەم مەحکەمە مەنحووسە (کە تروسکەی هیوای کوردی کوژاندەوە و سەربەخۆیی کوردستانی وەدواخست، بێ سووچ و تاوان ئەمری هەڵا وەسینی جەنابی شێخ عەبدولقادر و هاوڕێکانی دەرکرد و لە شینی ئەواندا نەتەوەی کوردی بۆ هەمیشە دەسوئەژنۆ دانا ) دەکا ).

پەراوێز edit