ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
کوردم و داوای حقوقی پایەماڵی خۆم دەکەم
ماڵی خۆمە موڵکی کورد؛ داوایی ماڵی خۆم دەکەم
موڵکی کوردستان ئیرسی باب و باپیری منە
ئیدعای حەقق و میراتی حەڵاڵی خۆم دەکەم
هەروەکو باران لە چاوم دێتە خوارێ ئەشکی خوێن
هەر زەمانێک بەرژەوەندێکی لە حاڵی خۆم دەکەم
گەرچی لای ئاغا خەیاڵی خاوە میللیەت
من لەلام باشە هەتا ماوم خەیاڵی خۆم دەکەم
من لەدەس بێگانە قەت ناکەم شکایەت ئەی ڕەفیق
گەر شکایەت کەم لە چەنگی مام و خاڵی خۆم دەکەم
ناسیحا بەس پێم بڵێ فیکری مەحاڵە فیکری تو
نسحەتم ناوێ ئەمن فیکری مەحاڵی خۆم دەکەم
ڕۆژێ شێخم دیت و پێم گوت هەتبێ حیسی میللیەت
پێی گوتم من چیم لەوانە داوە سواڵی خۆم دەکەم
من ئیتر ماهووت و شاڵی ئەجنەبی ناکەم لەبەر
ڕانکوچۆغەی خۆم لە بووزووی ڕەنگی شاڵی خۆم دەکەم
چیدیکە زەحمەت لە بۆ منداڵی خەڵکی ناکێشم
عیلم و زانست و هونەر فێری مناڵی خۆم دەکەم
یا دەڕێژم خوێنی پاکی خۆم لەسەر ئەم مەقسەدە
یانە فیکرێکی بۆ برای ڕووت و ڕەجاڵی خۆم دەکەم
چاوەدێری ڕۆژی خۆشی جێژنی سەربەستیم ئەمن
گەر مودارا وا دەگەڵ ئەمڕۆژی تاڵی خۆم دەکەم
گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ٢، ساڵی یەکەم، خەزەڵوەری ١٣٢٢ - ١٩٤٣

پەراوێز edit