ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٥٣. هێلانەی بەتاڵ
نییە باکم ئەگەر زاڵم شکاندوویەتی باڵی من
ئەوە سەختە کە وا ناگاتە گوێی کەس ناڵەناڵی من

بەهار هات و تەبیعەت حوکمی ئازادی مەلانی دا
لەناو کونجی قەفەزدا دیارە چۆنە ئێستە حاڵی من

لە گوڵزاری ورینگەی بلبلی سەرمەست و شەیدا دێ
بەڵام نایە جریوێکیش لە هێلانەی بەتاڵی من

لە سەر ناچێتە دەر ساتێ خەیاڵی بسکی خاوی تۆ
ئەگەرچی تێگەیشتم چاوەکەم خاوە خەیاڵی من

ئەرێ ئەی ئاسکی ناسک هەتا کەی دەستەمۆ نابی؟
ئەرێ پیرۆزەکەی خۆشفەڕ هەتا کەی نایە ماڵی من؟

گوتت: بۆت دێمە جێژوانێ، هەزار سوێندت بە شاڵم خوارد
لە ئاهی ئاشقانەی من بترسە، نەک لە شاڵی من

کە ماڵت بێ کەماڵت بۆ چییە لەو شارە وێرانە
کە ماڵی دەوڵەمەندی دی، گوڵم نەیویست کەماڵی من

ئەگەر دەیزانی مانای خۆشەویستی ئەم کچە کوردە
بە سەد یاقووت و گەوهەر نەیدەدا فرمێسکی ئاڵی من

ڕەش و تار و درێژ و پڕ لە ئازار و خەم و دەردە
بەڵێ شەوگاری دووری بوو سەراسەر ژینی تاڵی من
مەهاباد - ١٣٣٩

پەراوێز edit