ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن تاریک و ڕوون
٣٤. بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ!

پیاوکوژ، تاوانبار، ڕووڕەش، ناکەس، ملهوڕ، دیکتاتۆڕ!

خەڵکی ئێران بەدەس تۆ کرابوون زیندەبەگۆڕ

ئەوە تۆی لێت قەوماوە، دەریان پەڕاندووی، هەی گۆڕ

دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

***

ئەی دوژمنی ئازادی، ئەی نۆکەری ئیستیعمار!

بەدەس تۆ چوونە سەر دار مەزن، پێشەوا، سەردار

بەدەستووری بێگانە دەسووڕا چەرخی دەربار

زاڵ بوو بەسەر دەربارا پاڵە، جووتێر و کرێکار

دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

***

کەی سێبەری خودا بووی، ئەی سێبەری نەهاتی

لە سایەی تۆدا دیمان شەڕ و گرانی و قاتی

لە خزمەت باوکی خۆتدا لە پیاوکوشتن ڕاهاتی

هەر کە خەڵک لێت ڕاسا، بۆی دەرچووی و هەڵاتی

دەبڕۆ ئەی شاهی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

***

پشتت لە میللەت کردووە پەنات بردووە بۆ دوژمن

بەدرەقەی ڕێگای تۆ بێ تووک و نزای پیاو و ژن

دوژمنی گەل هەمیشە بەمەرەدی شا دەچن

هەر دیکتاتۆر تێدەشکێ، هەر گەلن ڕزگار دەبن

دەبڕۆ ئەی شاهی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

***

گزیری گوێ لەمست بووی تۆ بۆ شیرکەتی نەفتی

کلکی ئاغات کێشراوە بۆیە هێندە کەنەفتی

پێمانەوە نووسابووی، هەروەکو قیل و زەفتی

نەکەی بگەڕێیەوە، (حالا که رفتی... ) رەفتی

دەبڕۆ ئەی شاهی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ

مەهاباد - ١٣٣٣/٦/٢٦

پەراوێز edit