شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ سەبارەت: مەهاباد - ١٣٣٣/٦/٢٦ خاین، خوێڕی، درۆزن، بەدفەڕ، شەڕانی، سەرشۆڕ! پیاوکوژ، تاوانبار، ڕووڕەش، ناکەس، ملهوڕ، دیکتاتۆڕ! خەڵکی ئێران بەدەس تۆ کرابوون زیندەبەگۆڕ ئەوە تۆی لێت قەوماوە، دەریان پەڕاندووی، هەی گۆڕ دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ *** ئەی دوژمنی ئازادی، ئەی نۆکەری ئیستیعمار! بەدەس تۆ چوونە سەر دار مەزن، پێشەوا، سەردار بەدەستووری بێگانە دەسووڕا چەرخی دەربار زاڵ بوو بەسەر دەربارا پاڵە، جووتێر و کرێکار دەبڕۆ ئەی شاهی خاین بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ *** کەی سێبەری خودا بووی، ئەی سێبەری نەهاتی لە سایەی تۆدا دیمان شەڕ و گرانی و قاتی لە خزمەت باوکی خۆتدا لە پیاوکوشتن ڕاهاتی هەر کە خەڵک لێت ڕاسا، بۆی دەرچووی و هەڵاتی دەبڕۆ ئەی شاهی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ *** پشتت لە میللەت کردووە پەنات بردووە بۆ دوژمن بەدرەقەی ڕێگای تۆ بێ تووک و نزای پیاو و ژن دوژمنی گەل هەمیشە بەمەرەدی شا دەچن هەر دیکتاتۆر تێدەشکێ، هەر گەلن ڕزگار دەبن دەبڕۆ ئەی شاهی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ *** گزیری گوێ لەمست بووی تۆ بۆ شیرکەتی نەفتی کلکی ئاغات کێشراوە بۆیە هێندە کەنەفتی پێمانەوە نووسابووی، هەروەکو قیل و زەفتی نەکەی بگەڕێیەوە، (حالا که رفتی... ) رەفتی دەبڕۆ ئەی شاهی خاین، بەغدا نیوەی ڕێیەت بێ ++++++++++++++++++++++