ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن ناڵەی جودایی
٢٠. ئێوارەی پایز
لە ئاسۆیەکی دوورە دەست
ئاوابوو زەردەی پایزی
دەتگوت بووکێکی بێ نازە
پەردە جێ دێڵێ بە زیزی
پەڵە هەورێکی چڵکنە
گرتی سووچێکی ئاسمان
گەڵای زەردی دارێک وەری
زریان بردی بەرەو نەمان
جووتێک کۆتری سەر بەکڵاوە
هەڵکورماون لە سوانەیەک
دیارە لەو دەوروبەرانە
پێیان شک دێ هێلانەیەک
پاساریی سەرداری کۆڵان
فڕە و جیکەیان لێ بڕا
قەل فڕی... فڕی... تا ون بوو
هەر ڕووڕەشیی خۆی پێ بڕا
شەپۆڵێک مۆسیقای بەسۆز
هات و ڕابورد بە بن گوێمدا
شوێنێکی بۆ خۆی کردەوە
لە ناخی دڵی توێ توێمدا
ئاخر کۆڵی بۆ بردە ژوور
باربەرێکی درێژی ڕووت
دەرکی دووکانی گاڵە دا
مام حاجیو بەرەوماڵ بزووت
نازدارێکی چارشێو بەسەر
بەتەنیشتمدا تێپەڕی
بەغار هات و توند قیژاندی
ڕووتەڵەیەک بە بەدفەڕی
کەمێک ڕاوەستا جا ڕابورد
ئەو لاوەی جادەی دەپێوا
دیاربوو خێسێکی دابوویە
ئەو شۆخە لە بن چارشێوا
کیژێک خۆی لە ژوور کوتاوە
دەرکەی حەوشەکەی پێوەدا
ئیتر شوێنەواری جوانی
بەدی ناکەم لەم نێوەدا
تا تاریکان پەیدا دەبێ
چۆڵ و چۆڵتر دەبێ جادە
نە دێتە دەر کیژی لەبار
نە ڕادەبرێ لاوی سادە
هەوا بوولێڵە، ئاو لێڵە
گوڵ سیس بووە، گەڵا زەردە
تەنانەت ڕەنگی گۆڕاوە
ئەم دیوار و دار و بەردە
تەماشای هەر شتێ دەکەم
ڕەنگی پایزی گرتووە
جوانی خۆی لێ شاردوومەوە
دزێوی ڕیزی گرتووە
چاوم لە ئاسمان بڕی
دڵم هێندەی دیکە گیرا
گەلێک بیرەوەریی کۆنم
لەپڕ هاتنەوە بەبیرا
ئارام ئارام بەلۆژە لۆژ
ئەوا بەرەو ماڵ بوومەوە
نە کەس لە پێشمدا دەڕوا
نە کەس دیارە بەدوومەوە
نا نا ناڕۆم، مەلەی دەکەم
لەنێو دەریای مەندی خەیاڵ
داهێزاو و ڕووگرژ، تووڕە
دڵ پڕ تاسە، مێشک بەتاڵ
ئاخ، دیسان ڕووپەڕێک دڕا
لە ڕۆژ ئەژمێری تەمەنم!
ئاخ، دیسان شەو داهاتەوە
من هەروا دوورە وەتەنم!
ئاخ، دیسان چوومە ژێر باڵی
ڕەشی شەوگاری تەنیایی!
ئاخ، دەبێ دیسان بچێژم
ژەهراوی تاڵی جودایی!
ئاخ، دیسان دەبێ ڕابوێرم
لە ژوورێکی سارد و سڕدا!
دەگەڵ ئازار دەستەملان بم
تا بەیان لە نوێنی شڕدا!
دەڕۆم، دەترسم، دەلەرزم
لە پەلاماری مۆتەی شەو
داد لە دەس ئەم دڵەی بە خەم!
وای لە دەس ئەم چاوەی بێ خەو!
دەڕۆم تا سەر پێکەوەنێم
دەگەڵ زام و دەرد و ئێشم
دەڕۆم تا شەوێکی پایز
من شەونخوونی بکێشم
دوور قاقایەکم گوێ لێ بوو
دەتگوت گوللەم پێوە دەنێ
چۆن بە ئێوارەی پایزیش
ئی وا هەیە پێ بکەنێ!
خەیاڵم ببوو بە وشە
نەمزانی کەس بەدوامەوە
دەنگێکی لەرزۆک و نەرم
بەسپایی جوابی دامەوە:
«بەڵێ هەن و یەکجار زۆرن
بازرگانی فرمێسک و خوێن
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن
بە سەر بە هەش، بە مل بە کوێن
بەڵێ هەن و پێ دەکەنن
بە من، بە تۆ، بە هەزاران
بە داخی باوک کوژراوان
بە هەنیسکی هەتیوباران
بە نەزانی، بە نەخۆشی
بە تاریکان، بە شەوەزەنگ
بە زنجیر، بە تەناف، بە دار
بە گرتووخانەی تەڕ و تەنگ
بە بۆکوڕووز بە چڕە دووکەڵ
بە هاڵاو، بەگڕ، بەئاگر
بە تەم، بە مژ، بە هوڕە، بە دۆک
بە تۆفانی وڵات داگر
بە بوومەلەرزە، ڕەشەبا
بە سووتمان و زیان و زەڕ
بە هەرچی خراپ و شوومە
بەگشت دەسکری خوای شەڕ
بە ناڵە، بە کوڵ، بە گریان
بە سینگ کوتان، بەڕوو ڕنین
بە بەرگی ڕەش، بە چاوی سوور
بە گۆڕخانە، بەکۆڕی شین
بە کەلاوە، بە کوندەبوو
بە دیواری هەرەس هێناو
بە داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ
بە ئانیشکی پینەکراو
بە نووکە نووکی بێوەژن
بە هانە هانی ماندووان
بە زیڕەزیڕی منداڵان
بە نووزەی نیوە زیندووان
بە نەڕە نەڕی جەللادان
بە قرمە قرمی شەست تیران
بە ویڕە ویڕی قەمچییان
بە ئەشکەنجەی ڕووناکبیران
بە چڵکی یەخەی کرێکار
بە کەفی سەر شانی جووتێر
بە پەچە و ڕووبەند، بە خەنجەر
بە یەک نەبوونی مێ و نێر
بە قەڵەمی بەزیوی کول
بە زمانی لەبندا بڕاو
بە دەرکی داخراوی فێرگە
بە کتێب و دەفتەری دڕاو
لە قامووسی ئەوانەدا
بەزەیی مانای نەماوە
بێزیان لە بزە هەڵدەستێ
وازیان لە خوێن و زووخاوە
هەر دڵۆپی خوێنی لاوێ
بۆ وان یاقووتێکی سوورە
هەر تکەی فرمێسکی کیژێ
بۆ وان مرواریی بەرموورە
هەناسەی ساردی ئاواران
کۆشکی ئەوان گەرم دەکا
لەشی ڕەق و زگی برسی
جێ پاروویان نەرم دەکا
سەرمایەی وان لەگەڕدا بێ،
با زۆر دەرک بەقوڕ گیرێ!
دۆلار لە برەو نەکەوێ
با کۆڵەوار بێ داپیرێ!
دەبا خوین بێ و سەران بەرێ
چەرخی کارگەیان بگەڕێ
پێ دەکەنن، پێ دەکەنن
بە بڵێسەی ئاگری شەڕێ»
گوتم: «کەوابوو، ئاشنا!
بەشی ئێمە لەنێو چوونە»
گوتی: «نا، نا، دوور بنواڕە...
دوور بنواڕە... ئاسۆ ڕوونە...»

پەراوێز edit