ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن ناڵەی جودایی
١٩. سازی ناساز
بلبلی باڵشکاوی وەختی گوڵم
هەر شەپۆڵان دەدا دڵی لە کوڵم
کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزم
گڕی گرتووە دەروونی پڕ سۆزم
موغی بێ ئاگری شەوی یەلدام
چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام
کەوی بێ دەنگی نەوبەهارانم
گوڵی بێ ڕەنگی چاو لە بارانم
کونجی جێژوانی چۆڵ و خامۆشم
سێبەری نازەنینی ڕەشپۆشم
دەستی بەربووی کچی گەڕی شاییم
هەستی خنکاوی لاوی سەوداییم
کێلی گۆڕی شەهیدی گومناوم
تاکە داری کڕووزی بێ ئاوم
دەفتەری شێعری شاعیری ڕووتم
شەمی سەرگۆڕ و داری تابووتم
کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم
خەونی ئاڵۆز و خاتیرەی تاڵم
ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم
باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم
باڵە سووتاوەکانی پەروانەم
شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم
چڵە ڕێحانی دوورە دێراوم
سازی ناسازی هەڵپەسێرراوم
تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم
خەستەو و دەردەداری چی دەردم
ئاخرین تیشکی خۆری پایزم
شاعیری پیری تووڕەو و زیزم
چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟ !
خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم؟ !

پەراوێز edit