ئاڵەکۆک

هێمن add_a_photo
هێمن ناڵەی جودایی
١. ناڵەی جودایی
ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە
ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە

موشتەری وەک من لە مەیخانە کەمن
زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن

مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێ خەمان
مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟

ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە

ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نی یە
لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نی یە

بۆ کەسێکە مەی، چزیلکی پێوەنێ
بۆچی ملهۆڕ لێرە بینی پێوەنێ؟ !

بۆ کەسێکە مەی: کە دەردی کارییە
بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە

بۆ کەسێکە مەی: دڵی پڕ بێ لە داخ
بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ؟ !

ئەو کەسەی بێ کەس نییە و خانە خەراپ
دەک بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب!

ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان
ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان

ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم
شانی دانەخزا لەبن باری ستەم

ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد
تیخی زۆرداری برینداری نەکرد

ئەو کەسەی دەستی لەو ئەوکێ بەردرا
ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا

ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی
نیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی

ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویر و زگار
وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار

ئەو کەسەی نەیهاڕی بەرداشی زەمان
ئەو کەسەی زیڕەی نەگەییە ئاسمان

ئەو کەسەی دووریی عەزیزانی نەدی
تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی

تۆزی بەدبەختی لە سەر شانی نەنیشت
لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت

بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟ !
شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ

ئەو کوڕەی هێشتا لە ژوانێ ڕێی هەیە
سەیرە زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە

ئەو کەسەی ڕاوی نەنێن لێرە و لەوێ
ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ

ئەو کوڕەی دۆی داوەتێ دەستی دەنێ
بێتە ئێرە چۆنە هەی دێی ناکەنێ!

ئەو کەسەی دەستی لە مەمکان گیر ببێ
ئەو کەسەی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ

ئەو کەسەی پەنجۆڵە بکوشێ جار و بار
ئەو کەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار

ئەو کەسەی ڕامووسێ کوڵمەی تاس و لووس
ئەو کەسەی تێی هەڵنەدابێ چارەنووس

ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ
کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ

ئەو کەسەی ئاسوودە و خۆش ڕایبوارد
قەت خەمی یەخسیر و کۆیلانی نەخوارد

یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بێ بێتەوە
دەرکی نێو ماڵێکی لێ بکرێتەوە

خەم ڕەوێنێک گوێ بداتە ڕازی ئەو
نازەنینێک بێ بکێشێ نازی ئەو

بگرێ پەنجەی نەرم و نۆڵی ناسکێ
بۆی کرابێتە سەرینێ، باسکێ

هەیبێ هێز و گورد و تین و تاو و گۆڕ
ڕۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مگوڕ

ئەو کەسە جێگای لە مەیخانێ نی یە
ئەو کەسە بادە و شەرابی بۆ چی یە؟ !

ساقیا، وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ!
ڕوو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەرپەڕێ

لەنگەرێ بگرە، مەبە وا بەرزە فڕ
بێنە بۆمن، بێنە بۆ من، جامی پڕ

مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانە ماڵ
بۆ منی سەرگەشتە و ڕووت و ڕەجاڵ

بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین
بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین

بۆ منی ئاوارە وو دوورە وەتەن
بولبولی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن

پەڕ وەریوی، باڵ شکاوی، دەنگ بڕاو
بێ بژیوی، بەش خوراوی، دەرکراو

پیری زورهانی، کەنفتی، دەربەدەر
دیدەسووری، دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر

داتەپیوی، بێ پەسیوی، بێ قەرار
بێ کەسی، دەستەشکاوی، کۆڵەوار

لێو بە باری، دەردەداری، ڕەنجەڕۆ
شاعیری جوانی پەرستی دڵ بە سۆ

ساقیا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟
تۆش لەبەر ئەو ملهوڕانە ملکەچی؟

تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟
چاوی تۆشی هەڵفریواند زێڕ و زیو

تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوهەر هونەر؟
کەنگێ گەوهەر جوانی کردن بەختەوەر!

زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند
هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند

چڵکی دەستە ماڵی دنیا وەک دەڵێن
ماڵ پەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن

قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵ پەرست!
جوان پەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست

نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ!
تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ

ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین
هەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین

وا وەرە، دەی وا وەرە، نێزیک بە لێم
بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵێم:

مست مستم ساقیا، دستم بگیر!
تا نیفتادم ز پا دستم بگیر

جا کە سەرخۆش بوم بە دەنگێکی نەوی
بۆت دەڵێم ئەو شیعرە بەرزەی مەولەوی

بشنو از نی چون حکایت می کند
از جدایی ها شکایت می کند

گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز!
تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بەسۆز

نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر
جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر

بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە
شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە

لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون
لێم گەڕێ با هەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون

شیوەنی من شیوەنی ئینسانی یە
بانگی ئازادی و گرۆی یەکسانی یە

شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە
ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە

با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر
با فراوان تر بکەم ئاسۆی شیعر

پارچە گۆشتێکە دڵی من، ڕوو نییە
ناڵە ناڵی من درەنگە، زوو نییە

دەردی دووری، دەردی دووری کوشتمی
دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی

یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو
لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو

خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی
چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی! ئەدی! ؟

نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم
نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم

ڕوو لە هەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم
نابینم جێ ژوان و کەونە لانی خۆم

شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی
ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی

چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟ !
چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟ !

چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟ !
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە

ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە
هەرچی خۆشم ویستووە جێم هێشتووە

هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین

بوومە ئاوارە و پەڕیوە دوور وڵات
کەوتمە نێو وردە داوی ڕێی نەجات

بەکرە شۆفارە ئەوەی مووخەی چنیم
زێی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم

کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک مەمێ
یایە زین لە کوێیە هاواری کەمێ!

کوا قەرە تاژدین، چەکۆ و عرفۆ لە کوێن؟ !
بێنە هانام وەک پڵینگی چەنگ بەخوێن

لاسە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان
ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان

وام بە تەنیایی لە نێو خوێناو شەڵاڵ
کوانێ عێل و کوانێ خانزاد و خەزاڵ؟ !

زۆر لەمێژە نارەناری منی نەبیست
هەر وەکوو شەمزین، شەمیلەی خۆش دەویست

وەک سیامەندێ لە چۆڵ و بەندەنێ
جەرگی لەت کردووم پەلی دارە بەنێ

شەتڵی جواناوم منی ساردە برین
کوا خەجم تا بۆم بگێڕێ گەرمە شین؟ !

مانگی کانوونێ بە چلوان دەرکرام
وەک برایم لەو وڵاتە ڕاونرام

کوا پەریخان بەند و باوم بۆ بڵێ؟ !
بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟ !

ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم
کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟ !

کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم!
ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم!

ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە
ئێستە بم بینن ئەرێ دەمناسنەوە؟

ڕۆژگار هاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد
هێز و توانای لێ بڕیوم دەردی کورد

بوومە گەپچاڕ و دەکا گاڵتە بە من
ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چوو بوو لە من

ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات!
ئەی برای هاوسەنگەری جەرگەی خەبات!

گەر دەناڵێم، ئەمن پەک کەوتە نیم
تێدەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم

کۆششی من زۆر بە جێیە و زۆر ڕەوا
چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا:

هر کسی کاو دور ماند از اصل خویش
باز جوید روزگار وصل خویش

ڕێگە دەبڕم، کوانی هەنگاوم شلە
ڕاستە بێ هێزم، دەکەم ئەمما ملە

هەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت
دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەهەشت

دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم
چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم

دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە
دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە

دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند
دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند

دێم بەرەو پاناوک و هەوراز و نشێو
دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو

دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک
دێم بەرەو شیخاڵ و ڕێچکە و ڕەشبەڵەک

دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم
دێم بەرەو هەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم

دێم بەرەو هۆبە و هەواری با سەفا
دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگای وەفا

دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم
دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم

دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ
دێم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ

دێم گراویی خۆم لە باوەش وەرگرم
دێم نەهێڵم بەرهەڵست و بەرگرم

دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد
دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد

دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب
ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب

دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی
هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی

تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم
دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم

دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش
گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش
١٩٧٤

پەراوێز edit