بە خەیاڵی شەوی وەسڵت خەوی هیجرانم دی
بە شەمیمی نەفەست سروەیی حیرمانم دی
چاوی بیمارت ئیشاراتی شیفا دەنوێنێ
لە خەتی مەسحەفی ڕووت ئایەتی لوقمانم دی
سەیری زوڵفت کە لەسەر ئاگری ڕووت وێستاوە
حەییی بێجانە لەبەر چاو و بە پەیمانم دی
بە هەوای عەرعەری قەددت لە خەیابانی خەیاڵ
شێعری بەرجەستە وەکوو سەروی خەرامانم دی
ڕوخی نەورۆزی نەبوو، خێزی خەتی ماتەمی گرت
ڕۆژی ئیمساک و شەوی قەدری حەبیبانم دی
گەوهەری مەعنی لە دەریاچەیی دڵ دێنمە دەر
تا لە حوققەی دەهەنت لەعلی بەدەخشانم دی
هەر بە ئاودا چوو سەفینەی غەزەلی بەحری خەیاڵ
لەجییات سودی مەتاعم زەرەر و زیانم دی
لەگەنی دیدە، فتیلەی موژە و ڕەوغەنی ئاه
بۆ شەوی وەسڵی لە سەد لاوە چراخانم دی
لە نەوای تەغنیەیی بولبولی دەوری گوڵی ڕووت
لە هەموو مورغی چەمەن ناڵە و ئەفغانم دی
گەوهەری نەزم و دوڕی مەعنیی لەفزی سەدەفم
بردە بازاڕی نەزەر موشتەری نادانم دی
لە قەباڵەی کەرەمی ئەهلی هونەر تێفکریم
وەکوو ئەشعاری حەریقی خەتی بوتڵانم دی