ئاڵەکۆک

حەریق add_a_photo
حەریق غەزەل
٢٧. عیشقی حەقیقی
عیشقت کە حەقیقی بێ تالیب مەبە ئیللا کوڕ
هەم حەزرەتی لەولا کوڕ، هەم یۆسفی والا کوڕ
ئەو نوورە کە مەنشەء بوو، بۆ عاشقی مەبدەء بوو
تێفکرە لە ئەو نوورە مەعلووم و هووەیدا کوڕ
عیشقێ کە بەقووەت بێ ماییل بە مرووەت بێ
نەمدیوە کە تالیب بێ ئیللا کە تەڵەب کا کوڕ
عیشقێ کە بە غەوغا بوو وەک عیشقی زولەیخا بوو
سەرگەشتە و ڕیسوا بوو بۆ یۆسفی والا کوڕ
شیرین کە شەکەرڕێز بوو، بۆ کێ بوو دڵ ئاوێز بوو
بۆ خوسرەوی پەروێز بوو، فەرهادی هەواخوا کوڕ
کچ ماییلی واڵایە وەک دامی بەڵا وایە
کوڕ وەک کوڕی شا وایە بێ خەوف و موحابا کوڕ
کچ تەبعی کەچ و ناقیس، کوڕ تەبعی تەڕ و خالیس
هەم سوحبەت و هەم جالیس خۆش مەنزەر و سیما کوڕ
کچ زوڵفی پەرێشانە، کوڕ پەرچەمی ئەفشانە
کاکۆڵی بە جەمعییەت هەم شانی کچە، یا کوڕ
کچ ساحەبی لەرزانە، کوڕ مەردە لە مەیدانە
کوڕ هەم دەمی ئینسانە، خۆش مەشرەب و گۆیا کوڕ
هەرکەس بە تەبیعەت بێ، ئەربابی مرووەت بێ
لەم نوقتە تەماشا کە، خانم کچ و ئاغا کوڕ
قامەت کە وەکوو نەی بێ، کێ دیویە لەگەڵ بەی بێ
ئەم نیسبەتی ئەخلاقە دەرحەق بە کچە، یا کوڕ
سەد حەیفێ کە تۆ «ناڵی» بەم پیرییە منداڵی
بەم تەرزە لە عیشق ئەدوێی، زیبا کچ و دیبا کوڕ
موویێ کە لە ڕووی کوڕ بێ، ڕێحانەیی نێو باغە
سەدجەرگی لە بۆ داغە، ساحێب خەت و ئێنشا کوڕ
بۆ خەڵوەتی تەنیایی فیلواقیعە کچ چاکە
ئەمما کە لە عیشق بدوێی، ئەدنا کچ و ئەعلا کوڕ
بۆ خەڵوەتی تەنیا کچ بۆ بەزمی تەماشا کوڕ
بۆ فاسقی ڕیسوا کچ، بۆ ئاشقی سەودا کوڕ
کچ وەختێ شکا سەددی، نامێنێ چ سەرحەددی
نەقسی نییەتی عەددی، مەحفوز و موبەڕڕا کوڕ
لەم تەبعی کەچە لادە، عومرت هەموو بەربادە
خۆی ساقیی وچاوبادە، مەزبوت و موهەییا کوڕ
ئەم عیشقە مەجازاتە، ئەنجامی موجازاتە
غەوواسی حەقیقەت بە، دوڕدانەیی دەریا کوڕ
هەر عیشقێ حەقیقی بێ، وەک عیشقی حەریقی بێ
مەیلی بە دەقیقی بێ، بۆ مەعریفەتولڵا،کوڕ

پەراوێز edit