هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بەسەرما
یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما
گاهێ بە شەرارەی غەم و گەه سەڕسەڕی هیجران
خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما
کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ
یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بەسەرما
گەر دەچمەوە ساحیب نیە هیچ مونیس و ساحیب
گەر دەچمە سەقز ناری سەقەڕ وا لە جگەرما
شاهیدمە حەواسم کەسەکەم چەندە کەساسم
بەخودا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما
هەرچەندە بە جیسمانی کە دوورم لە حوزوورت
ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو دیدەیی تەڕما
تۆفانی سروشکم چووە سەر جوودی وجوودم
کەشتی تەنی قوم کرد و نە نووح و نە ئەسەر ما
لەوساوە کە تۆ ڕۆیی دڵم ڕۆیی بەدووتا
هێلانەیی تەن هەروەکوو مەئوایی سەقەرما
بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفایە وەرە ئەمشەو
ئەم لەشکری ئاهی منە بێ فەتح و زەفەر ما
لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت
بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما
ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی
خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بەسەرما
مەنواڕە بە زاهیر کە بەبێ قووتم و ڕووتم
ڕووت، قووت و خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما
سەرمایەیی ئەم مڵکی خەیاڵاتە حەریقی
حەیفێ کە تەلەف بوو، بە هەدەرچوو، بە زەرەرما