ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع سروەی بەربەیان
١. لە بەختی من
لە بەختی من مەلایەک هاتە گوفتار
جنێوی زۆری نارد بۆ ساحێب ئەشعار

وتی یاشێخ بە تۆ چی زەرب و تەقسیم؟
چ لازم زانینی باتمان و خەروار؟

قسەی جوگرافیاکان هەر درۆیە
ئەمە سێحرە ئەڵێن پێی کەسری ئەعشار

ئەگەر عیلمت ئەوێ مردوو بشۆرە
چلۆن شۆرینێ وەک شۆرینی مردار

لەسەر چیخێ لە پێشا ڕایبکێشە
ئەبێ ڕاست ڕایبکێشی میسلی ڕەشمار

ئەبێ کێری بە هەر دوو دەس بدۆشی
وەکوو بزنێ کە بیدۆشێ تەمەعکار

بە هێواشی دەست بێنی بە سکیا
هەتا دەردا ئەوی خواردوویە پێرار

لە پاش شۆرینی چڵم و گوو و گمیزی
هەڵیسێنیتۆ هەر وەک ورچی سەردار

لە ساحیب مردوو ئەو وەختە بسێنە
لە حەق و زەحمەدا، یەک ڕوبعە دینار

وەهایە نانی مەردانە کە فەرمووم
دەخیلە ئەم وەسێتە، نەیخەیتە پێوار

وتم حەیوانی لایەعلەم بفامە
چلۆنە سونعیاتی چەرخی دەووار

لە پێشا واجبە تەعلیمی دینی
لە قورئان و حەدیس و شەرع و ئاسار

ئەوەی ئەمرە بەجێی بێنە تەواوی
ئەوەی نەهیە، نەکەی هەرگیز بە ڕەفتار

بزانە مردن و میعاد حەققن
ئەمە مەعلوومە ڕاستە جەننەت و نار

بە پێی ئەعمالی خۆت، ئەدرێ جەزای تۆ
بە میزانا ئەکێشن جەمعی کردار

لە چاکە چاک و لە بەد، بەد دێتەوە ڕێت
بەقەد یەک زەڕڕه ون نابێ لە ڕەفتار

لە پاش زانینی ئەمر و واجباتت
بزانە چۆنە وەزعی چەرخی دەووار

لە چی پەیدا دەبێت هەوری بەهاری؟
لە چی نەشئەت ئەکا نێرگس لە گوڵزار؟

ئەبێ ئینسان بە ئاگا بێت لە عالەم
لەچی تەشکیل دەبێت بەفراوی کۆسار؟

لەبەر چی بەفر پان و تەرزە گردە؟
چییە نەعرەی سەواعیق دێ لە ئەقتار؟

لە زستانا لەبەر چی سارد و سەختە؟
لە هاوینا لەبەر چی گەرمە وەک نار؟

دەرخت بۆچی بەهاران بەرگی سەوزە؟
لە پاییزدا ئەمێنێ ڕووت و بێ‌بار؟

کەری چوارپێ ئەبێ تۆ شارەزا بیت
لە حاڵی ئەمریکایی و چین و تاتار

لە چییوە وەرئەگیرێ گازی کاربۆن؟
چلۆن تەرفیع ئەکات میللەت بە کردار؟

بەچی ئاوا ئەبێ خاکی وەتەنمان؟
بەچی دێهات بنەخشێنین وەکوو شار؟

سکووتت لازمە لەم بەزمە "قانع"
نەوا دەورت بدەن یارانی خوونخوار
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
دیوانی قانع، سروەی بەربەیان، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٤١١ـ٤١٣.

پەراوێز edit