ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع دیوانی قانع
١٥. ئادەمیزاد وەکوو گوڵاڵەیە
بازێ گوڵ بێ بۆن، بەڵام جوانە
تەماشای ئەکەیت، پڕ چنگێ پانە

ئەو گوڵە چونکە هیچ عەتری نییە
هیچ کەس نایەوێ فائیدەی چییە؟

مەگەر مناڵێ بێ عەقڵ و کاس بێ
هەتا سیس ئەبێ بەلایۆ خاس بێ

بەڵام هەر گوڵێ خاوەنی بۆنە
خاوەن حورمەتە تازە یا کۆنە

هەتا تازەیە گوڵی مەجلیسە
ئەکرێ بە گوڵاو وەختێ کەسیسە

وەختێ عەتر ئەدەی لەسەر و سەر دڵ
هەزار ڕەحمەتیش ئەنێری بۆ گوڵ

پیاوی وا هەیە خاوەن جەماڵە
ئەمما حەیف سەد حەیف، زۆر بێ کەماڵە

هیچ کەس نایەوێ بە خێری مردوو
مەگەر نەزانێ، عەقڵ نەگرتوو

زۆری وایش هەیە کە ناشرینە
بەڵام لە فیکرا عەقڵی تەئمینە

ئەوە واجبە سەری بۆ دانێی
ڕۆحت دەر بێنی بیخەیتە بەر پێی

چون ڕۆژێ ئەبێ بە عەقڵ و ئەرکان
نەجاتت بدات لە گێژی تۆفان

بەڵام لە کوردا ئەم بیرە نییە
ئیتر نووسینی فائیدەی چییە؟
نووسین: موحەممەد فەتحی
@mamosta_qani

پەراوێز edit