ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
گەدایی سەیرە! ئەی یار و ڕەفێقان
گەهێ پۆشتە بە پینە و گاهێ عوریان
گەهێ تووڕە لە ئەولادی لە برسا
گەهێ داوا لە حاجی بۆ لەتێ نان
براکەم! دەوڵەمەندیش وا ئەزانێ
گەدای بۆ ئەو درووست کرد، زاتی یەزدان
بە بێ ڕەحمە لە دەر هەق پیاوی بێ دەس
فریبی خەڵک ئەدا وەک بەچکە شەیتان
گەدای بەستە زمانیش، هێندە ڕووتە
نە نانی هەس، نە بەرگی هەس لە زستان
لە هاوینا لە بەر بێگاری ئاغا
بە خەمناکی ئەژی و ئەخزێتە ناو لان
کەچی کوێخا ئەچێ، دەستی ئەکێشێ
بە گریە و زاری ئەیکێشێتە مەیدان
ئەمەش ڕووناکە، کوێخا چەشنی تانجی
بە دەم کەروێشکی بۆ ئەگرێ لە سەر لان
ئەوەی نامووسی بێ، نابێ بە نۆکەر
ئەوەی ئینسافی بێ، ناچێتە دیوان
ئەوەی ویژدانی بێ ناچێتە لای میر
ئەوەی ڕەحمی ببێ، ناچێتە لای خان
چ خۆشە زگ بە برسی، پێ بە بێ کەوش
بە مەرجێ ڕوو نەکاتە، شێخ و قوربان!
گەدا بی یاخۆ پاشا بی، هەر ئەمری
ئیتر کلکەلەقێ بۆ چی لە دیوان؟ !
ئەگەر پیاوی وەرە! ئارەق بڕێژە
بنرکێنە وەکوو شێر، بێرە مەیدان
قەزای ئەو بێڵە، ئەو ئەیدا بە عەرزا
لە دوو سەد بڕنەوی دەسکاری ئەڵمان
قەزای ئەو داسە ئەوساوی کە تیژ بێ
لە سێسەد خەنجەر و شمشێری زۆر جوان
قەزای ئەو تۆزی گاگێرەی سەپانە
لە دووسەد عەتر و قەسری میر و خانان
ئەگەرچی قانعی زۆر زۆر هەژارە
بیحەمدیللا، بە کەس ناڵێ: بەڵێ خان

پەراوێز edit