ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع گوڵاڵەی مەریوان
٢٣. لەگەڵ بولبول
ئەی بولبولی بێ دانە، من و ئێوە هەژارین
هەر دوو، وەکوو یەک موتەزیری فەسڵی بەهارین
تۆ چەشنی من و من وەکوو تۆ بێ کەس و کارین
داماو و کز و دەربەدەری کووچە و شارین
یا، بەندی قەفەسخانە و یا وێڵی دیارین
من قوڕبەسەری دەستی فەلەک، چەرخی جەفاکار
تۆ دڵ بە خەمی، دەردی گوڵ و خونچەیی گوڵزار
من دەربەدەری فیتنەیی جاسووسی خەتابار
تۆ بێ پەڕ و باڵ، لە دەس زوڵمی لقی خار
هەر دوو بە یەکۆ چاکە بڵێین، دیل و هەژارین
تۆ، شێتی دڵ و من بە هیوای بەرزی وڵاتم
تۆ، مەستی گوڵ، من بە فیدای عەزم و سوباتم
بەم جۆرە ئەڕۆم، شەرتە هەتا ماوە حەیاتم
تا دەس نەکەمە گەردنی ئاواتی نەجاتم
ڕووم نایێ بڵێم: زادەیی شێرانی شکارین
من شیوەن و گریان و ئەتۆ شۆر و تەرانە
تۆ بەزمی سبەینان و منیش ئاهی شەوانە
من بۆ وەتەنی بێ کەس و تۆ دانە و لانە
بنواڕین لە بۆ سووڕی کەچی چەرخی زەمانە
بێ سووچ و خەتا، بۆچی وەها بێ بەش و یارین
ئەی بولبولی هاودەردی خەفەتباری دەروون ڕێش
تۆش هەر وەکوو من، بێ کەس و بێ یاوەر و بێ خوێش
هەر دوو، وەکوو یەک پەست و بریندار و جەفاکێش
کەی بێ کە برینی دڵی هەر دوو ببێ ساڕێش
بێ باک بڵەین: ئێمە لەناو گێتی دیارین
قانع! من و تۆ بولبول و خەم، چەشنی برا بووین
بۆ یەکتری، ئەم چوارە تەواو پشت و پەنا بووین
هەر یەک لە بۆ ئەو سیانی ترە، زۆر بە وەفا بووین
بۆ چی من و خەم؟ ئێستە لە ئەو دوانە جیا بووین؟ !
بولبول لە گوڵ و گوڵ لە چڵ و ئێمە لە خارین؟ !

پەراوێز edit