ئێمە کە کچین، دولبەری دڵداری جیهانین
خونچەی چەمەنی باخی گوڵی کوردانین
ئەستێرە لە ڕووی ئێمە، چلۆن خەجڵەتی نابێ
ڕۆشنتر و پڕ نوور، وەکوو مانگی جوانین
وەسڵی حەرەمی ئێمە، لە بۆ خادمی کوردە
بۆ بێ هونەری خاکی وەتەن نەسسی حەرامین
بێ قیمەتە لای ئێمە، یەقین بەرگی چویتلی
عاشق بە هونەر، مەستی غەزەب، تێغی دەبانین
شەق لەو کوڕە وا دەس بە خەنە و مەیلی حەمامە
قوربانی کوڕی سەرکەشی کوردانی زەمانین
وەختێ بە سەفا سەف ئەبەسین ڕۆژی سەیاحەت
مایل بە کوڕی کوردی وەکوو شێری ژیانین
***
ئێمە کە کچین، قوڕبەسەر و مات و حەزینین
بۆ بێ کەسیی ئەم خاکە، جگەر زام و برینین
ئەی کۆمەڵی گەنجانی موسەمما بە منەوەر
بۆ مەرگی وەتەن، ئێمە هەموو ئەلبیسە شینین
چۆن ئێوە هەموو، بێ خەم و بێ بیری وڵاتن
ئێمە بە غەزەب، دڵ بە خەم و دیدە گرینین
سەد کاشکێ لە جێی ئێوە، سەفی ئێمە بوایە
ئەتدی! کە چلۆن حازری مەیدانی یەقینین
داخمان ئەوەیە ئێمە ژن و ئێوە پیاون
ئێوە بە هونەر مەستی مەی و ئێمە مەتینین
هەر ڕۆژێ کە ئێوە بە ئەمەل سەیر و سەفا کەن
ئێمە هەموو بۆ ئێوە خەریک زاری و شینین
***
ئێمە کە کچین هەر بە کچی عاجز و پیرین
داماو و سەراسیمە و بێ شەوق و ئەسیرین
قانع بە هەموو تەبعی غەزەل خوانیی خۆیۆ
شاهیدە کە وا ئێمە هەموو مات و زویرین
ئەفسووسە کە ئێوە کوڕی مەیدانی نزاعن
زۆر یازووخە بۆ ئێمە، خەریک نان و هەویرین
شێر دەرچێ لە غابات، خوای نێر و خوای مێ
لاکن، ئەمە زۆر عەیبە کە بێ پشت و زەهیرین
دوێنێ کچێ ئەیوت، بە کچانی وەتەنی کورد:
ئیعلانە ئەیا هەر چی کە پیرین و سەغیرین
ئەم دەرپێ لە پێمانە، لە پێی بێ هونەری خاک
ئەم ئیشە لە سەرمانە لە سەر بەددڵ و ناپاک