نەما ترسی زەمانی زوو، ئیتر داخی دڵ ئەڕژێنم
بە هێزی مەعریفەت ئەمڕۆ سوپاهی جەهل ئەڕفێنم
بە سەربەستی ئەوی دەردی دڵم بوو، زاهیر ئەنوێنم
لەمەولا خانەقا ناڕۆم، بە مەولا تۆبە ئەشکێنم
حەقی ئەم کوردە بێچارە، لە چاودا بەستی ئەستێنم
دڵم زۆر خۆشە ئەمڕۆکە، ئەخوێنم بێ خەم و بێ هەم
لە کووچە و شار و بازاڕا، لە سەر هەر چیمەن و هەر چەم
دە شەرتە مل قەوی بێ خێر! ئەبێ بنچینەکەت دەر خەم
هەموو فێڵ و قومار بازیت، ئەبێ یەکسەر بەیانی کەم
ئەگەر سەد دەفعە ماچی کەی قوڕی ژێر کەوش و داوێنم
زەمانێکی فراوانە، ئەنۆشم شەربەتی تاڵی
دەروونم پڕ لە ئەشعار و لە ترسا دەفتەرم خاڵی
شوکور ئێستاکە کووکوومە، بە چەشنی کۆتری ماڵی
کەوای پەستی و نەزانینم دڕی و یەک دەفعە دام ماڵی
بە لافاوی خەیاڵاتم، نەمامی ئیلم ئەڕوێنم
خەم و دەردی زەمانی زوو، وەها چاکە کە بەر با دەم
لە سایەی عیلمەوە شانێک، لە شانی شێخی عولیا دەم
بە سەر چوو دەوری مەحکوومی لە بۆ حوڕڕی تەقالا دەم
لە پیری کۆن و پاشکەوتووی وەکوو خۆم، لازمە لادەم
کوڕانی پێگەیشتووی مەکتەبم ئەمڕۆکە ئەدوێنم
دە یا شێخ سەد ئەسەف بۆ تۆ، نەما شەوقی دڵی خۆشت
مەحاڵە تازە ڕامم کەی بە مەکر و حیلەیی بۆشت
بفامە قوڕبەسەر، چاوت هەڵێنە وا لە کوێ هۆشت؟
ئەگەر تۆ ئەهلی دینی! خوێنی عالەم بۆ ئەکەی نۆشت؟
وەرە سەیری دڵی من کە، کە چەندە پاک و خاوێنم
خەیاڵم وایە تا ئەو ڕۆژە ئەمرم حوڕڕ و سەربەس بم
بە ڕۆح دوژمن بە ئەخلاقی ڕەزیل و پیاوی ناکەس بم
دەسم ببڕن لەسەر نووسین، لەسەر حەق خۆشە بێدەس بم
لە سەر ئەم پارچە شیعەرانە، ئەگەر گیراوی مەحبەس بم
دەمێکە حازری دار و شەلاخ و ئەزیەت و جوێنم
لە ڕۆژێکۆ لە دایک بووم، بە پاکی بووم و خوڵقاوم
بەڵام چی بکەم؟ بە زنجیری ئەسارەت بەند و خنکاوم
وەتەن سوێنم بە کوێستانت، لە ڕووی دنیا هەتا ماوم
وەکوو ماسی بە سەربەستی، غەواسی گێژ و بن ئاوم
لە بنکی بەحری فیکرا گەوهەری ئەنتیکە دەردێنم
لە هەر لا شۆری مەجنوونە، بزانە حوسنی لەیلایە
کە چۆن هەر کەس بە ئومێدی ویساڵی یارێ ڕیسوایە
دڵی من بۆ تورەققی کوردستانە شێت و شەیدایە
بە دەستێ چەپڵە لێ دەم داخەکەم دەنگ و تەقەی نایە
گەلێ کەس وا ئەزانن، خەو ئەبینم یان ئەڕاوێنم
سەرم گەرمە و بە بانگی بەرز ئەڵێم، ئەی میللەتی هوشیار
تەماشا کەن لە ئەوزاعی زەمانە و چەرخی چەپ کردار
مەڵێ باوکم وەها ژیاوە، منیش هەر وا ئەکەم ڕەفتار
فلیمی سینەما چەرخە ئەگۆڕێ ڕۆژێ سێسەد جار
دە چی بکەم کەس بە گوێم ناکا، کە ئاغا نیم و مسکێنم