ئاڵەکۆک

قانع add_a_photo
قانع گوڵاڵەی مەریوان
١٦. لە سایەی عیززەتی نەفسم لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە سایەی عیززەتی نەفسم، لە پاشا مەرحەبا ناکەم
لە ئەربابی کەرەم دوورم، بە کەس خۆم ئاشنا ناکەم
کراسی چەرمی خۆم ئەدڕم، سواڵی سەرکەوا ناکەم
ئەگەر چی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با نادەم
ئیلاهی زۆر شوکور، ئومێدی نانێ من لە شا ناکەم
لە تۆزی ئاشەدا غەرقم، لە تەوقی سەر هەتا ئەژنۆم
نە ترسی ئەمری مافەوق و نە مەحکوومی بەراتی تۆم
بەڵام چەن خۆشە ئەو تۆزە کە هەر خۆم ئامیرم بۆ خۆم
لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر شان و دەس و ئەستۆم
لە بۆ کەس چاو لەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم
براکەم فرسەتە ئەمڕۆ بڵێ بەو یاری دێرینم
لەسەر هەر دینێ من ئەمرم، ئەویش هەر بێتە سەر دینم
کە چون شێرانیە فیکر و خەیاڵی زیندەگی و ژینم
لە بەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ، خەیاڵی شەکر و چا ناکەم
چ خۆشە، تا ژیانت بێ، لە لای کەس کەچ نەکەی گەردن
عەرەق بڕژێ لە ناو چاوت، لە ڕێگەی کاسبی کردن
بە شەرتێ سەر بە سەربەستی، لە مەیدانا بەدەر بردن
بە شاڵی خاکەکەم ڕازم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم
لەبەر پەستی گەلی کوردە، کەوا ڕەنج و تەقالامە
لە سەر ئەم هۆزە چل ساڵە، بە تەنیا هەوڵ و داوامە
بە تاڵانی لە دەس دەرچوو، سەفای ئەم زێد و ماوامە
مەلایی و خوێندەواری، خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کە چی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم
لە داخ ئەم چەرخە کەچبازە هیلاک و سینەچاک چاکم
وەکوو تەیرێ هەڵۆ لێی دا، کز و خەڵتانی ناو خاکم
بە بێ هۆشی ئەسووڕێمۆ، ئەڵێی سەرگێژی تریاکم
وەها غەرقی مەراقی پڕ جەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەد یەکێ دەردم دەوا ناکەم
دە شەرتە شەرتی مەردی بێ، لە دنیا تا حەیاتم بێ
نە هیوای سەر قەڵەمدانە و نە ئومێدی خەڵاتم بێ
لە سەر ئەم حاڵەتی خۆمە، ئەگەر بێت و سوباتم بێ
بە ئومێدم بە سەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچ کەس، تووشی ئازار و بەڵا ناکەم
قەناعەت چاکە، وا چاکە بساچێنم بە شۆرباوێ
کەوای تاقەی منەت لابەم، لە بەر کەم شاڵ یا جاوێ
لەبۆ دانەی تەماعکاری، نەکەومە گێژی هیچ داوێ
ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم، هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی شێخ ڕەزا ناکەم
هەزاران ئافەرین مفتی! لە ڕەفتار و لە ئایینت
بە وەڵڵا حەیفە تۆ بمری و برات هەڵکاتە تەڵقینت
لەگەڵ تووتنچی تێکەڵ کە، دە قانع شیعری ڕەنگینت
ئەگەر مفتی یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لە لا ناکەم
ئەگەرچی لەحزەیەک دەرد و خەم و قەهرم بە با ناکەم
ئیلاهی زۆر شوکور ئوممێدی نانێ من لە شا ناکەم

لە سایەی زەحمەتی قاچ و سەر و شان و دەس و ئەستۆم
لەبۆ کەس چاولەبەر نیم و خەیاڵی ڕێی ڕیا ناکەم

لەبەر تاڵی زەمانە و شەربەتی ئەشعاری شیرینم
هەتا ئەم دوو تەعامەم بێ خەیاڵی شەکر و چا ناکەم

بە شاڵی خاکەکەم ڕازیم و ئەیپۆشم هەتا مردن
لە فاسۆن و گەبەردین تا ئەبەد سەڵتە و کەوا ناکەم

مەلایی و خوێندەواری خوو و ڕەوشتی خۆم و باوامە
کەچی من ئارەزووی نان و ژیانی وەک مەلا ناکەم

وەها غەرقی مەراقی پڕ جەخاری کاری ناپاکم
ئەگەر خۆم بم بە لوقمان سەدیەکی دەردم دەوا ناکەم

بە ئوممێدم بە سەربەستی لە حەشریشا نەجاتم بێ
لە دنیادا کە هیچکەس تووشی ئازار و بەڵا ناکەم

ئەگەر شیعرێ بڵێم و نەشری کەم هیچم لە کەس ناوێ
لە فیکرا پەیڕەوی مەرحوومی زاتی شێخ ڕەزا ناکەم

ئەگەر موفتی، یەکێ پەیدا نەکەی هاودەرد و هاودینت
بڵێ تا هەم شکاتی گەردشی چەرخی لە لا ناکەم

«موفتی پێنجوێنی»
پێنج خشتەکی لە سەر شیعری مفتی پێنجوێنی

پەراوێز edit