ئاڵەکۆک

محەمەد ساڵح دیلان add_a_photo
محەمەد ساڵح دیلان دیوان
٢. گوڵی ئاوات
ئەى گوڵى ئاوات، گەشەت بێ و پێكەنە
نەختێ نرخ و فەڕ بدە بەم چیمەنە
گیان پەرۆشى بۆنى ئێوارانتە
سەر پەرێشانى پیاڵەى گوڵشەنە
بۆمژى جامى لەبا لەب ئاڵتە
لێووى ناسۆرم بەبار و وشكەنە
بۆ كز و سيس و لوول و بێ گەشەى
ڕیشەی تۆرا و تاڵیت هەڵكەنە
كوا لە كوێيە بولبولی سەوداسەرت
بۆچى بێ ئاواز و يۆزى دەگمەنە
گۆڵ وتى ئاسمانى پاكى نیشتمان
پڕ تەم و هەورى بەد و ناڕەسەنە
وا لەژێر تینى گڕى داگیركەرا
هەردەيى ڕەنگينى خاكم رووتەنە
هەر زڕەى زنجیر و زرمەى پێوەنە
سەیرى پەنجەى دوژمنى تینوو بەخوێن
نەو گوڵى لاوان ئەکاتە دەسکەنە
من ئەڵێم ئەى گوڵ گەشەت بێ و پێکەنە
نەختێ نرخ و فەڕ بدە بەم چیمەنە
پێکەنە خوێنى ڕژاوى میللەتم
با لەپێ بگرێ ئەوى لێم دوشمنە
پێکەنە ئەمڕۆ لەجێگەى دەست و پێ
بۆ قەفی زنجیرى دوژمن گەردەنە
وا بەخوێنى ئاڵى بێگەردى شەهید
شەو ئەڵێى رۆژى ڕەوان و ڕەوشەنە
پێکەنە وا تیشکى ڕۆژى ڕاپەڕین
هەر لەسەر لووتکە هەتاکو دامەنە
تۆ تەماشا بەردى دەستى میللەتم
بۆ سەرى مارى ڕژێمى بۆگەنە
سەیرى کۆسپى ڕێگرى ڕێگەى خەبات
جێگەپاچى میللەت و لووتى شەنە
پێکەنە ئەى گوڵ ئەوا ئاسۆى نەجات
خۆبەخوێنى ڕۆڵەکانمان ئەڵوەنە
موودەبێ هەرها کە ناقووسى بەیان
دەنگ و ئاوازى گەيى بەم مەڵبەنە

ئەم شێعرە لە گۆڤاری ڕزگاری ژمارە ١ی ٢٠ی نیسانی ١٩٦٩ وەرگیراوە. بۆ یەکەمین جاریش لە ڕۆژنامەی ژین، ژمارە ١١٦١ی ساڵی ١٩٥٣ دا بڵاوکراوەتەوە.
نووسین: میدیا

پەراوێز edit