ئاڵەکۆک

محەمەد ساڵح دیلان add_a_photo
ئەی تریفەی مانگەشەوی زیوینی ئاسمان
بۆ بە تۆسقاڵ جاربەجارێ خۆت ئەدەی نیشان؟ !

دەر بکەوە ڕووناکی پاک بەرەو سەرینم
بۆم ڕووناک کە زیندانی تار ژووری کەمینم

ڕازاوەیە دیواری پان ڕێچکەی زنجیری
دەم کراوە و عەزرەتییە لەش، منم نێچیری

زۆر گیانی سەخت، پێستی ئەستوور، مەچەکی پتەو
لە شەڕا بوون لەگەڵ ئاسن، بە ڕۆژ و بە شەو

لە ئەنجاما قەفی زنجیر، هەڵقەی قولاپی
وزەی شووڵ، دانە چیڕە و بڕەی خراپی

ورد ئەبوون و هیلاک ئەبوون بە دەستە و وسان
لەبەر ڕەقی دڵی پۆڵا و ڕاوەستانی گیان

منیش ئاسۆی سووری هیوای جێگیری دڵم
گەشەی ئەدا بە ئاوات و جۆش بوو بۆ کوڵم

ئیتر زڕەی زنجیری شەو تەقە و ڕەقەی ئەو
ئارامێ بوو بۆ شەوگارم یا بۆ پرخەی خەو

تۆم لێ دیاری (کولووی لۆکە) مەلی ئاواتم
گوڵی هەردەی ڕەنگینم و بەر و بەراتم

بۆ ئەوەی تۆم بێیتە باوەش دەمی کراوە
بۆ خواردنی جەستە و لەشم پڕ لە شاڵاوە

بۆ ئەوەی تۆ باڵی زێڕین بکەی بە سێبەر
لە ژێر باڵتا سەربەستی بێ و سەرچاوەی هونەر

بۆ جۆگەلەی ڕوون و ساردی گوڵی کوردستان
گەشە بکا و بۆنی خۆشە بگاتە ئاسمان

نەتەوەی کورد دەس لە ناو دەس لەگەڵ براکەی
هاوڕێی جیڕی تێکۆشان و ڕەفیقی ڕاکەی

بەرامبەری داگیرکەری هەردوو نەتەوە
ئاگرکەری توونی شەر و چەوسێنەرەوە

بجەنگن و هەنگاو بنێن بەرەو ئازادی
بەرەو ڕۆژی ڕزگار بوون و بەهەشتی شادی

ئەوا زنجیر، ژووری تاریک، تارمایی زیندان
هاودەنگ و مۆسیقامە بۆ شەوی لێدان

تۆم لێ دیاری مەلی ئاشتی و ئازادی ویستن
چەن قورس بێ و هەڵقەدار بێ زنجیری گەردن

داینابڕێ ملی بەرزی خەبات و ویستنم
ناینەوێنێ رەقی پشت و ڕاستی گەردنم

ئەی بولبولی شەوان بێدار تا بەری بەیان
تۆ بۆ من و منیش بۆ تۆ ئەبین بە نیشان

ئەوە ئێستا پێچەوانە من لە جیاتی تۆ
لە قەفەسدام ئێشک‌چێتیم گرتۆتە ئەستۆ

بۆم بخوێنە منی نەخۆش منی دەردەدار
چەشی ئێش و ناهەمواریم هاوڕێمە ئازار

ئەی گوڵەکەی ڕەنگ پەمەیی سەرداری ژاڵە
وەک بیستوومە ڕەنگ شیرین و چێشتنت تاڵە

بەڵام تاکوو ئەم قسەیە کامە عەشقی گوڵ
توانیوێتی دەستی نیاز بێنێتە سەر دڵ

کام عاشق و کام پەرۆشی ڕوخساری شیرین
گەیشتۆتە هیوای سەودا و ئامانجی زێڕین

ئیتر باتۆ تا ئێوارە بەم تام ناخۆش بێ
کە بەشێوە جێگای سەرنج سەرمایەی جۆشبێ

تا ئەو ڕۆژەی چوارئێسکەکەم ئەخرێتە ناو چاڵ
بۆ گوڵی ڕووت ئەسووتێم و ئەبم بە زووخاڵ

بەڵێ دەردم زۆر گرانە پەرۆشە گیانم
بۆ هیوایە، بۆ ئامانجێ بەندی زیندانم

بەڵام نە دەرد نە نەخۆشی نە زنجیری دەست
بەقەد مویێک پێم لائەدا لە ڕێگای مەبەست؟

زۆر مێشکی بیرکەرەوە لە دواڕۆژی ڕوون
هاڕابوون و لە ژێر پێدا ببوون بە هەپروون

منیش یەکێ لە دوای هەزار، لەپاش ملیۆنێ
دەستی گەرمی خەباتکردن ڕام‌ئەوەشێنێ

هانم ئەدا بۆ کۆڕی سوور کۆڕی تێکۆشان
نەترسم بێ لە ئازار و لە قووڵی زیندان

بگەمە جێ ئاشتی وەک ڕۆژ دەرخا هەتاوی
قاقای نازدار، هاژه هاژ و خوڕەی چەماوی

ناو قەڵبەز و چیا و دۆڵی خاکی کوردستان
توانج بدا لە ناڵەی نەی لە سۆزی کەمان

پۆل پۆل مەلی ئاشتی جوانی ئاسمانی شینم
سێبەر بکا بۆ چیمەن و گوڵی نەخشینم

ئەوسا من و گوڵی ژاڵە و بولبولی ناکام
حسابێکی ورد ئەکەین و ئەگەینە ئەنجام

گەشتێ: مەبەستی شاعیر لەو گەشتە دوور و درێژەیە کە لە ساڵی ١٩٥٤ دا دوای گەڕانەوەی لە کۆنگرەی لاوان لەسەر ئاشتی‌خوازی گیراوە و چووە بۆ گرتووخانەی کەرکوک ئەوسا بۆ بەغدا و دواییش بۆ خەستەخانەی شاری کەرکوک و لەوێشەوە بۆ سلێمانی... دیارە ئەو ماوانە بەندی ژیانی لەژێر زەمین و گرتووخانەکاندا بەسەر بردووە.

بۆ بە تۆسقاڵ: بۆ بەکەم کەم، بەکزی؟ بە گەرد گەردی.

عەزرەتییە لەش:
عەزرەتی: پەرۆشێتی، حەزی لێ ئەکا، ئارەزووی لێیەتی، تامەزرۆیەتی.
لەش ئارەزووی ئەشکەنجەو ئازار ئەکات، دیارە - وەک باجی ئازادی... حەز بە خۆبەخت کردن ئەکەم لە پێناوی سەرکەوتنی بیر و باوەڕمدا.

شووڵ: بە داری تەڕ و نەرم ئەوترێ وەک دارێكی باریكی هەنار پێی ئەوترێ شووڵی
هەنار و زیاتر بۆ جەڵدە و لێدان بەكاردێت.
وزەی شووڵ: دەنگی شووڵە لەكاتی بەكارهێنانیدا.

دەستەو وسان: دەستە پاچە، بێ دەسەڵات لە ئاستی ڕووداودا هیچ نەکردن و
دەست لەسەر ئەژنۆ ڕاوەستان.

كوڵ: جۆش و خرۆش، جۆش و كوڵ، گەیشتن بەپلەیەكی بەرزی گەرمی و ئاستی
كوڵان ئەگەیەنێ..یان كوڵی خەبات لە مەیدانی گیانبازیدا.

كولووی لۆكە: قۆزاخەی لۆكە، تۆپەڵە لۆكەی سپی لێرەدا بە كۆتری سپی و
كۆتری ئاشتی چوێنراوە.

مەلی ئاشتی: کۆتری ئاشتی، کۆتری سپی.

بێدار: بەئاگا، بە خەبەر، خەو لە چاو تۆراو، نەنووستوو.

چەش: فێربوو، ڕاھاتوو.

هەپروون: وردبوونێکی زۆر، ورد و خاش

ڕێچکە: باریکە ڕێ، ڕیزێکە لە گیاندار کە قەتارەیان بەستبێ
نووسین: میدیا

پەراوێز edit