ئاڵەکۆک

ڕاژۆر add_a_photo
ڕاژۆر هۆنراوەکان
٣. بەردێک لە سەر سینگی وڵات
بە کام باران گوڵی ئەوین پەروردە کەین؟
کاتێک هەور بە ڕەشایی
تەرزەی خەفەت دەبارێنێت
لە کام خاکدا نەمامی عەشق داچەقێنین؟
کە بە گەورەیی ئەم زەویە
بستێک خاکی ڕووتمان نیە
هەنگاو بە سەریدا بنین
لە کام ماڵدا بۆ چرکەیەک ئۆقرە بگرین؟
کە ئاوارە و پەنابەری
سێبەری دار بەڕووەکانین
باوەشی سارد و بێ تینمان
چاودێری کامین یار بکات؟
کاتێک هەموو لە باوەشی
پەژارە و خەفەت نووستووین
بە کام گەروو هاوار بکەین
بۆ مافی ئازادی خۆمان؟
کە چەپۆکی داگیرکەران
لە بەر دەممان
رێگەی زارمانی بەستووە
ئێمە کپ و مات و بێدەنگ
ڕاوەستاو وەکوو گۆمی مەنگ
بێ بیرکردنەوە لە ژیان
بێ ترس لە تاوان و لە مەرگ
دەیان ساڵە هەوڵ دەدەین
لەم ژوورە تاریکەماندا
شەباقەیەک بکەینەوە
نووری ئازادی پەیا کەین
ئنجا دیوار بڕووخێنین
دڵۆپ دڵۆپ ئازایەتی
لە داوێنی پاکی گیانمان
بۆ وڵات کۆ بکەینەوە
١٤ گوڵانی ٢٧٢٥
نووسین: ڕاژۆر

پەراوێز edit