ئاڵەکۆک

ڕاژۆر add_a_photo
ڕاژۆر هۆنراوەکان
١٤. ئاوێنە
کە سەیری ئاوێنە دەکەم
لە پێش ئەوەی خۆم ببینم
لە بۆشایی نێوان خۆم و ئاوێنەکە
تارماییەک ڕاوەستاوە
ئەلبۆمێکی کۆن و چڕاوی لە دەستە
پڕ لە وێنەی مێژووی مۆن و
ڕابردووی تاڵانکراوە
پاش ئەو
نیگارەی گۆڕستانێکە کە هەزار کێلی تێدایە
کە سەرنجی نێویان دەدەم
لە ئاواتی ژمارە یەک هەتا ئاواتی هەزارەم
لەو گۆڕخانەدا نێژراوە
لە ناکاو
ئاگرۆکی ڕیالیزم هەڵدەکات و
جەستەی دارستانی خەیاڵ
لە ئامێزی خۆی دەگرێت و دەیسووتێنێت
لە دواییدا ئیتر منیش
کە یەخسیری بیرەوەریم
بە بێ ئەوەی سەیری خۆم کەم
ماندوو ماندوو
دەخشێمە سیلەی دیوار و
تەنیایی لە باوەش دەگرم و
لە سەر شانی بێ کەسی خۆم
تێر تێر ئەگریم.
٧ خەزەڵوەری ٢٧٢٥
نووسین: ڕاژۆر

پەراوێز edit