ئاڵەکۆک

تاهیر مەهابادی add_a_photo
گۆمیلکە گۆمیلکە هەناسەم سوورە
خەونم توانەوەی تاریکی
گەڵا گەڵا باڵام بەڵێنی......
لە لاڵی دەڵاڵی هەڵەسوونەدا
ڕاڤەمکەن
بە ڕاوێژی شێعرێکم ..... نا
بە سرتەی سەرابێک
لە هەناسەم دا ........ سێڵاوە
سەیرمکەن
بە چاوی ئەوینەوە ..... مەستانە
لە سەرەی هەڵوێستم
هەر مەستم ...... لە بەستێنی چرا دا
ڕاڤەمکەن
بە ڕاوێژی بێژینگی هێژایی
ئەدەمەی کە با سەرخۆشە
.........................
ڕۆڵەکانم
هەستمکەن
کە ماندووی ....... ئازاری زریانم
کە ماندووی ....... هەناسە و سەرهەڵدان
کە ماندووی ....... سڕینەوەی بارانم
کە ماندووی .......،،،،،...... ڕەگاژۆی گریانیش
شارەمدەن
کە شپڕێوی هێرشی شەوەدەنگ
لە بێدەنگی چرا دا
.............
ئێستا کە من
لە مەیدان مەداری بێهەودام ...... بێهەدام
لە ڕمانی ڕمێنی ڕیا دا
..........
نەوەکانم
گرینگم........ لەو دەنگەی دا
کە لە جەنگەی جاڕزبوونە
گزینگم........ لەو زەنگەی دا
کە لە ڕەنگی ڕازیبوونە
شارەمدەن
شاهیدانی فڕینم
لە هەڵمەتی هەوێنی با دایە ........ هێلانەم
هەستمکەن
خەست خەستە هەناسەم
لەو سەرە و سڕەی ئەجەل دا
......
هاواری گڕێکم
لە گەرووی خەڵووز و دووکەڵ دا
تووڕەیی من ..... تەوری سەردەمی سەروادە
ئەو دەمەی .... دەمئەنگێون
ئەو سەنگانەی
لە سلسلەی تەسلیمی دا ...... سەرتۆپن
دەمئەنگێون .
..ئەو تیرانەی لە تیرەی توانەوەدا .... سەرچۆپن
...........
من هەر دەیبیسم
ئەو چرایەی لە چیمەن دا ......... چەواشەیە
من هەر دەینووسم
ئەو چریکەی لە چوارچێوەی سەغرەجن دا ..... کڕاوەیە
من هەر دەیناسم
ئەو هەستەی
لە پێخووستی خاوەن ماڵ ......بڕاوەیە
........
بژمێرن براکانم
ئەو قینانەی ..... لە هەوێنی ئەوین ...... ڕواون
ئەو چرکانەی لە چێوەی خولەک دا ... چڕژاون
ئەو خوشکانەی ....... لە گەمەی گومان دا ..... جەرگبرژاون
.....
بەفرەکان بە فریوی با ..... یەکان ...... دەفڕن
بۆ ڕەگەزی زریان
دەرگاکان
بە گاڵەی دزەکان
لە هەڕەشەی پەرتەوازەیی دا .... لە سەر باڵن
فرشتەکان
بەرگی غەریبیان پۆشیوە و
تووڕەن ..... لە شەقەی ماچی ئەوین
ئێستا دەم دەمی داوەرینە
لە چرکە چرکی ..... سۆمایەکی چڕژاو........دا
جەنگە جەنگەی رۆحفڕینە
جەنگە جەنگی رۆحوەرینە
یارانم ..... ژانێک لە ژەنگی بێژینگ دا
دامدەپۆشێ..... دامدەبێژێ ..... دەمنێژێ
ژانێک خەریکە خەریتەی خللۆربوونەوەم .... دەکێشێ
ڕۆژێک دێ
دەفی سۆمام ..... گۆڕەپانی ئەوینە
ڕۆژێک کە من
ڕەنگڕێژی ...... ڕێگای فڕینم
......
بمبیسن ... سریوەی کاسەی سەری تەنیاییم
نزگرەیەک لە زمانم دا ..... لە هەڵبوونە
مەستمکەن
شێعرەکانی شەڕابی..... لە شەڕی بوون و نەبوون دا
نووسین: تاهیر مەهابادی

پەراوێز edit