چاوەکەم! زانیوتە بۆچی خەو لە چاوم ناکەوێ؟
چونکە من پێشخزمەتم، پێشخزمەتان نانوون شەوێ
ڕۆژ و شەو دایم لەبەر دیدەی خەیاڵم حازری
سا چ فەرقێکی هەیە بۆ من ئیتر ئێرە و ئەوێ؟
بەس نییە لێرە دەوێرم جار بە جار باست بکەم
نەمدەوێرا قەت لەبەر ئەغیار کە ناوت بەم لەوێ
دڵ لە تاو زامی فیراقت دائیمەن زاری دەکا
ڕۆژ بە ڕۆژ مەنعی دەکەم، باز دەردی سەختە و ناسرەوێ
عەقڵ و هۆشم داوە پێت لێشی دەتۆرێی ماڵ وێران؟
دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحەبە، بۆچی ناتەوێ؟
گەر موخەییەر بم لە نێوانی بەهەشت و وەسڵی یار
وەسڵی تۆ بۆ من جەهەننەم پڕ لە جەننەت نامەوێ
ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟
باوکە کوژتەت نیم ئەرێ هەی بەدمەزەب چیت لێم دەوێ؟
هەروەکوو کێوی دەماوەندێ سەرم پڕ شۆڕشە
قەت تەمی هیجران و خەم ساتێ لە دەوری ناڕەوێ
گەردنی کوردی لە کێوی بێستوون مەحکەمترە
چونکە چەند ساڵە لە ژێر باری غەمایە نانەوێ