کەوا دارایی زەڕ کوتەک، کەمەر چین، جوببە گوڵناری
کڵاو لار، چاو خومار، شیرین سوار، خاڵ میشکی تاتاری
کە مانی هاتە سەر کێشانی ئەبرۆی تۆ لە پاش چاوت
لە مەستی دەستی وا لەغزی کە کەچ هات خەتتی پەڕگاری
گوڵ ئەمڕۆ خۆی موقابیل کرد لە لای خەڵقی بە ڕوخسارت
بەڵێ هەر دەم دڕاو و هەرزەگۆن مەحبووبی بازاڕی
دوعام کرد چاوەکەت خۆش بێ کە خۆش بوو ئەمنی بیمار کرد
ڕەفیق! ئامان! دوعا کەن ڕەببی زاڵم هەر بە بیماری
ئەگەر تۆ ڕاست دەڵێی و قاتڵی دڵ بی، ئەدی بۆچی
درۆزن تیری موژگانت بە خوڕ خوێن دێ لە سۆفاری؟
وەکوو فەووارە خوێن دەتکێ لە گۆشەی میحوەری گەردوون
لە چاوەی چاوەکانی من لە دووریت هێندە خوێن باری
مونەججیم گۆشەیی چاوتی کە دی نووسی لە تەقویمدا
کە ئەمساڵ زوزەنەب تالع بووە، ئیفسادە ئاساری
ئەتۆش تەقلیدی زولفی یار دەکەی وا دیارە ئەی عەقرەب
حەیا هەروا لە چاودا، چی بڵێی ئەی کوێرە موختاری؟
چوار چت قەت مەکە خواهیش لە چوار کەس کوردی تا ماوی
لە خۆت عەقڵ و لە دڵ سەبر و لە بەخت ئیمداد، لە یار یاری