ئاڵەکۆک

مستەفا بەگی کوردی add_a_photo
کوردی دیوانی کوردی
٤٤. لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو
لە غەم شاری دەروون مەعموورە ئەمشەو
بناغەی مڵکی دڵ خاپوورە ئەمشەو
ڕەوانسەر! بۆ لە زیددی من فەڕەنگی
لەبەر دەرگای ڕەقیب مەسروورە ئەمشەو؟
ئەمن فەرهاد و شاهید بێستوونە
ئەتۆ شیرین، شەماڵ شاپوورە ئەمشەو
لە وەسڵت مەنزڵی دوور کەوتەوە دڵ
دووسەد مەنزڵ لە شادی دوورە ئەمشەو
برا گیان گیان و تۆ گیان ئەلوەدایە
هەوای کۆی تۆ دیگەر مەستوورە ئەمشەو
بە موژدەی وەسڵی تۆ دڵ شاد بێ حەقیە
کە هەر وەک حاکمی مەغدوورە ئەمشەو
لەمن ناپرسێ ئەغیار ئەی چ گەوجە؟
بە وەسفی لوتفی تۆ مەغروورە ئەمشەو
لە ناو ئەشک و لە ڕووتەی چاو شەهێنم
دڵ ئاهوو وار و چاو بێ نوورە ئەمشەو
لە سوبحی جەژن و شوﺑهەی مانگەشەو ئاخ؟
لە بەختی من دەڵێی دەیجوورە ئەمشەو
بە حازر باشی فەوجی غوسسە و ناڵە
وەکوو زیلەی ئەوەڵ شەیپوورە ئەمشەو
لە ناڵین مەنعی کوردی مەحزی کوفرە
فەقیر و ناخۆش و مەغدوورە ئەمشەو

پەراوێز edit