ئاڵەکۆک

مستەفا بەگی کوردی add_a_photo
کوردی دیوانی کوردی
٢. ئەی ڕەفیقان بێن بە خەنجەر بمکوژن ئێوە و خودا
ئەی ڕەفیقان بێن بە خەنجەر بمکوژن ئێوە و خودا
تا خەلاسیم بێ لە دەس هیجرانی یاری بێ وەفا
من وەهام زانی کە ئاهوو کەوتە داوم، ئێستەکە
خۆم خەلاس نابم وەها کەوتوومە ناو داوی بەڵا
تووشی یارێ هاتووم قەللاش و دوزد و حیلەباز
تورک ڕەفتار و تەبیعەت گاور و سۆفی نما
هات بە عەییاری دڵی لێ ساندم ئێستاش پێم دەڵێ
من لە کوێ تۆم دیوە؟ ئەی بێعار لاچۆ لێرە سا
من دەڵێم قوربان، دەڵێ (یا صاحب صوت الکَریه)
دوژمن ئەر بانگی دەکا (لَبیک یا خَیرَ الندا)
گەر ڕەقیب هەلێ ئیشارێکی بکا گاهێ لە دوور
هەڵدەسێ چەسپان لە سەر شانی دەدا جەڵدی عەبا
کوردی وا بەدبەخت و دڵ بێ سەبر و لەیلا بێ وەفا
ئەی خودا ڕۆ، دڵ وەها، تالع وەها، جانانە وا

پەراوێز edit