ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٨٨. پرسیار
کۆڕی یاران مات بێدەنگ، کاکە یاران چوونەکوێ؟
ڕێگە بەسراوە لە دێ، ئەی یاری شاران چوونەکوێ

دەرس ودەور ومەدرەسە پاکی قەپاتە دەرکەکەی
وەرزی جەولەی بێسەوادە، خوێندەوران چوونەکوێ

دۆستەکان یەک یەک بەجێ دێڵن ئەوەی خۆشیان دەوێن
باشە یاران ترسەنۆکن، ئەی نە یاران، چوونە کوێ

دەرسی زانکۆ بۆتە شاد وشات و شووتە وەک چەتە
چەت دەکەن ئێستا هەموو، زانین مەداران چونە کوێ

دەرکی مەیخانان شکاو، بەد مەستەکانن چەک بەدەست
ساقی پیاڵەی لێ ڕژا، ئەی مەیگوساران چوونەکوێ

گەل هەتا ڕانی لەباتڵاقی ستەمدا تێ چەقین
ئەی جەوانانی غەیووری شاری تاران چوونەکوێ

مەدرسەومەکتەب درۆ، ئەخبار و ڕۆژنامان درۆ
وەعدە پاکی بێ عەمەل، ئەی ڕاستەکاران چوونەکوێ

دەستی نەرمی کیژەکان ناخوونی تیژتیژە و درێژ
چنگی شەیتانی حەزە، ئەی گڵ عیزاران چوونەکوێ

قاقڕە مەزرای ئەوینداریی، لەوەرزی پارەدا
شەق شەقێنی کەوشی پووڵە، ئەی سەواران چونەکوێ

وەرزی شیعری شێت و سووکە کێش نەما ئەندێش نەما
ئەی تەوژمی هی من و هێمن و هەژاران چوونەکوێ

بۆ لەسابڵاغ کاکی دوو ڕەنگ دەنگ و ڕەنگی سوڕەدا
کوا؟ نەوی نوێی یاری جاری تاقەداران چوونە کوێ

دژبەرانی مام هەژار چوون تاسنەش لێڵاو بکەن
باری خاتر بوو بەشاتر، ئەی تەواران چوونە کوێ

لێی گەڕێ ئاسۆ برینی کۆن وەبەر تیغان مەدە
کوانێ حەفتاکان و کۆڕی سەرمەزاران چوونەکوێ؟؟
نووسین: کارزان

پەراوێز edit