ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٧٥. شەهید
تۆ گوڵ ئەستێرەی شەوێکی تاروبێ سووی ئەی شەهید
تۆ لەبۆ ڕاوی گزینگێ خێڵی نوورچووی ئەی شەهید

چون لەئەستێرەی گەلاوێژ زۆرترت نوور دا بەشەو
خێڵی شەو قرمژنی لێکردی و شەهید بووی ئەی شەهید

ئەوکەسەی هەڵبێ لەبەر دوژمن شەهید نابێ بەڵێ
هەڵنەهاتی، چونکە ئەستێرەی هەڵاتووی ئەی شەهید

تاقمێ خوێنی شەهیدیان چەشنی پووڵ لا باختەیە
بۆقومارت کرد مەگەر! ؟ ئەڵڵا لە ئەو ڕووی ئەی شەهید

تۆهەمیشە حازری، یانی شەهید قەت نامرێ
خوێنی تۆ هەر قوڵ ئەدا وەک ئاوی ڕندووی ئەی شەهید

ژینی تۆ بەوکورتیە پڕ بوو لەشانازی و شەڕەف
گەرچی دوژمن لای وەهابوو ماجەراجووی ئەی شەهید

هێندە بەرتەنگ وبچووک بوو تۆپی ئەم خۆڵەت لەچاو
پشتی پێت ڵێداو بەجێت هێشتین و دەرچووی ئەی شەهید

کاتێ زانیت ژینی ژێر دەستی چەنێ ڕەنجاوەرە
خۆت ڕەهاکرد، کێ دەڵێ لەم ژینە ماندووی؟ ئەی شەهید

فەرقی بۆ ئاسۆنیە نێوت محەممەد یا عەلی
هێندە بەولیباسەوە جوانی کە نووستووی ئەی شەهید
نووسین: کارزان

پەراوێز edit