ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٥٦. تەریقەی حەزرەتی پەروانە
لەسەر ڕێی حەزرەتی پەروانە سووتا گەر پەرو باڵت
ئەدی ئەودەم نیە بۆت فەرقی ڕۆژ و سانیە و ساڵت

زەمان پووچە، مەکان هیچە، ئەدی ئەودەم ئەتۆ نووری
شتان ڕەنگی دەبینن چاو و بیرو حاڵ و ئەحواڵت

بەیەک چرکە هەتا لای بێ مەکان دەفڕی دەمەو دۆعا
وەکوو هەنگوینی لێدێ چاوەکانم هەر قسەی تاڵت

گوڵم! ڕۆژێکی و دادێ ئەوەی وا نزمە لات بەرزە
قەزای ماچێک دەخەی یەکسەر لە پووڵ و سەروەت و ماڵت

لە ئەندێشەی مەکان دەرچووی زەمان هیچ قوتبی نامێنێ
کە تەنهاییت درا بەش، جا دەکەویە بیری هاواڵت

هەوەس یەک قەترەیە ئەمما ئەوین دەریایێکە بێ بن
لە قەوزەی سەوزی دەریاکان دەبەستی ڕووسەری و شاڵت

بە پیری کەوتیە بیری ئەو قسە، واژە بەشی ناکا
دەزانی جا بە منداڵی چ بوو مانای گڕو گاڵت

بە منداڵی گڕوو بە پیری دڕوو، لاوی سڕی کاکە
ئەدی کەی لادەدەی پەردە لەسەر بیرۆکە کەی کاڵت!

وەرە بکوڵێ بە تینی مەعنەوی و لەززەت لە ژین بردن
لە پۆڵاش بن تەمەن دەدڕێنێ کەوش و لەت دەکا ناڵت

وەکوو ئاسۆ نەچی پیری بە چۆکت دا بهێنێ چون
دەبێ دایم گوڵستان بێ کتێب و تاق و هەرزاڵت
نووسین: کارزان

پەراوێز edit