ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٥. خەمی نوێ
حەیف لەو شاخانەوە هەر قاسپەقاسپی کەو نەیێ
حەیفە لەو باغانەوە قرمژنی بازنەی ئەو نەیێ

ئەو دەمەی تێکەڵ دەبن حەیران و شمشاڵی شەپۆل
حەیفە لەودەمدا چریکەی پاییزەی ڕێڕەو نەیێ

من دەزانم ڕەمزی ئەم زەردی و خەزان و سەوزییە
ڕۆژی ڕوون قەدری نییە، تا تاریکایی شەو نەیێ‌

ڕەنگی هەر نەخشی ژیانم خۆ بە تاقی کردەوە
پاکی بێ ڕەنگن هەتا لەو نوورە یەک پەڕتەو نەیێ

دەک غوڵامی نووری ڕووخساری ئەوین بم چونکە هەر
ژین سڕ و تاریکە تا تین و ترووسکێ لەو نەیێ

بولبولی باغی ئەوین بێتوو لە ڕۆمیش بیگرن
حەستەمە دەنگ و چریکەی لەو پەڕی وەرشەو نەیێ‌

هێندە کۆن و نوێ بەسەر یەکدا درا دەردی دڵم
دەردی کۆن ئێشی کەمە تاکوو خەمێکی نەو نەیێ‌

تینی هەڵبەستی شەوانەم هەر لە ئاسۆ هاتە دەر
ڕوون دەکا هەستی دەروون بێتوو بە ڕۆژدا خەو نەیێ‌
نووسین: کارزان

پەراوێز edit