ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
٣٦. ڕەشەمە
ڕەشەمە کەوتە کۆتایی ئەدی بۆنی بەهاری دێ
خۆڕەی ئاوی خڕانیشی بەسەبری نا! بەهاری دێ

بەهاری ساڵی ساڵانمان بەخۆشی ڕابرا ئەمما
لە دەست ئەم چەرخە کەج ڕەفتارە دایمە کەجمەداری دێ

کەوی سەر شاخەکان پۆل پۆل دەهاتن قاسپەیان ئێستاش
لە گوێچەی باغی بێ پۆلی گەلی قومری و قەناری دێ

گەزیزە زیزە ئێستاو چەشنی لەق لەق پاکی تۆراون
نە دەڕژێش وەک چەلان لە گوێم نەوای تەپڵ و نەواری دێ

کە بولبول دەنگی چەهچەی دێت و سوڵتان کەوتە سەر ولول
لە ئەفشاردایە ماملێ گەر سەدای سەوت و قەتاری دێ

دریغ بۆ شیعر و گۆرانی دریغ بۆ بەزمی هەڵپەرکێ
دریغ بۆ شارەکەی ساڵان دریغ بۆ ئاسەواری دێ

وەهام لێ تێکەڵاوە ڕەمزی شیعرو بەزمی دڵداری
لە مزگەوتی کەماڵاتم خەیاڵی سەر چناری  دێ

وەها سەرمەستی بەحری شیعری ڕەمزاویم کە نازانم
وەفایی هاتەوە سابڵاغ وەیا بۆ حوجرە ناری دێ

ئەمن خۆ هێندە بێهۆش نیم وهەربۆم ڕوون نەبوو ئەما
چریکەی بازە یا ڕەحمان، سەدای میزرابی تاری دێ؟

لە ئاسۆ بۆچی ناپرسن مەلی پیری لە سەر شانە
کەچی بۆ مێشکی هەر بۆنی کچێکی سەبزەواری دێ
نووسین: کارزان

پەراوێز edit