ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
١٨. بۆی زولفی یار
‍ تۆ بە هەر کوێدا کەڕۆیشتی مەگەر هەر (با) نەیە
خۆ دەنا ڕێگەت وەکوو باخچەی گوڵ و ڕێحانەیە

گەر گوڵی باخی کەمێ دڵخۆشە بۆی زولفت دەدا
خۆت ئیجازەت داوە یا تاوانی گەورەی  شانەیە!

ئای کە چەند ئاقڵ بوو مەجنوون، مەسکەنی خۆی بردەکێو
مەنزڵی یار دیار نەبێ، شار چۆڵە، وەک وێرانەیە

بەز نیە لەو کێوەدا حاشار گەیێکی شک دەبەی
دەستەمۆیی بولبولی بەندی قەفەس بۆ دانەیە

حەولی زۆریان دا فەلاسیف گەر بڵێن بێسوودە عیشق
بەو خودا! ژین بێ ئەوین زۆر و کەمی ئەفسانەیە

ئای خودایا چەندە تامەزرۆم سنوور تێکەڵ کرێ
ئاخە شاری ئارەزووی من خانەیە یان بانەیە

تۆ لە هەر کامیانەوە باز دەی دەگەیتە خاکی خۆت
میللەتان گشت خێوی خاکن، کوردە بێ هێلانەیە

تۆ ئەوینی نووری هیوای، نوور نەبێ جوانیی چیە
ڕێ مەدە با قەت ڕەقیب بەو دەرک و بانەیدا نەیە

یەک کەون تۆ بی و خودا، گەل چاوەڕێی عەشقە و ژیان
نەسحەتی ئاسۆ حەقە، قەت پێی مەلێن شێتانەیە
نووسین: کارزان

پەراوێز edit