ئاڵەکۆک

ئاسۆ add_a_photo
ئاسۆ دیوانی ئاسۆ
١٤. بەرخۆدان
دەوڵەتی زۆڵم و درۆ  با لاچن
عەسرەکە، عەسری نەوەی ئاتۆمە
با تفەنگ  ئیدی لە لاوان نەدرێ
کوانێ دەورانی قسەی باتۆمە؟

با بەجێی گولـلە تفەنگ پڕ گوڵ بێ
نە لەسورب و نەلەئەشک، ئەی سەرباز!
لاوەکان شادی بکەن  هەر لەوەتەن
نەک ببن لەو وەتەنەی خۆ  دەرباز

کچ  گوڵی باغی بەهەشتن تێکڕا
چون دڵت دێنێ بژاکێن  زاڵم!
کوا  ڕەوایە کە بەجێی داوەت و گەڕ
پێت بڵێ بۆچی شکاندت باڵم؟

ئەوە میژوو، وەرە بیخوێنەوە دەی!
عاقبەت دارە جەزای  هەر جەللاد
بۆچی پێت وایە گڕی میللەتی خۆت
خاکی قەبرت بە شەتاو نەدرێ بەباد

لابەئەو تفەنگە فڕێی دە شۆکێر
چاوەڕێی چۆڕێ، نمێ، ئازادیم
پێکەنین هەڵکە لەخەڵکی سەرباز!
من دژی غەمم و ڕفێقی شادیم

نەفڕەتی خەڵکی کە پڕبوو دەڕژێ
یاوەکوو گڕ هەموو ماڵتان دەتەنێ
ئەوەی ئەوڕۆکە لە زوڵمان دەگری
دوو سبەی ئەو بە ئەتۆ پێدەکەنێ

دەبەسە خوین مژیی جەللادی لەعین
ئەی زەروو! ئاقیبەتی هەر دەتەقی
ئەو گەلەی زیندوە مافی بدەرێ
با لە حولقوومتەوە نەستێنێ حەقی

دانێ سەرعەرزی تفەنگت سەرباز
دڵی ئەم خەڵکە پڕی کینە لە تۆن
وەرەوە نێۆگەل وخزم و کەسەکە
قەت مەبە نۆکەری ئەندیشەیی کۆن

ماڵی جاڵجاڵووکە فوویێکی دەوێ
قەهری ئەم میللەتە تۆفانە بەسام
هەوری بارشتی نەشەی گەل ئەوەهات
منی ئاسۆ بەدڵ و گیان بەتەمام

لاچێ ئەم نەگبەتی و ڕەنج وغەمە
کوترەکان بێنەوە هێلانی چەلان
ڕەشی ئەندێشەی پووچ شوێنی نەما
وەرنەوە باغی وەتەن خێلی مەلان!!!
نووسین: کارزان

پەراوێز edit