ئەو سیلسیلە وا میشگی خەتا نێوی براوە،
پڕپێچ و شکەن، خەم بە خەم و، حەڵقە کراوە،
لەولاوێکە لەولاوە بە ئەم لاوە کشاوە،
یا یاسەمەنی خاوە بە ڕووی ڕۆژدا ڕژاوە؟ !
یا دووکەڵی جەستەی منە بەو شەمعە سووتاوە،
یا هەوری سیاتاوە کە مانیع لە هەتاوە؟ !
داوێکە لە ڕووی دانەیی خاڵت تەنراوە
زنجیرە لە پێی مائیلی ئەو ڕووتە نراوە
هەی هەی! غەڵەتم گوت. ئەمە زوڵمەت، ئەوە ئاوە
بەو زوڵمەتە، بەو ئاوە، حەیاتم غەڵەتاوە
دڵتینووە، سووتاوە، بە بێ تاقەت و تاوە
ڕێگەم بەسەراوە، کە دەچم ڕێم بەسراوە
ئەو شەربەتە، ئەو جامە شەراوە لەبی ناوە
بۆ نالییە ئاخر کە خودا بۆ ئەوی داوە