ئاڵەکۆک

نالی add_a_photo
نالی دیوانی نالی
٩٣. ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا هەتا کەی حیرسی وێرانە
ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا، هەتا کەی حیرسی وێرانە!
لەگەڵ ئەم عەشقبازانە بڕۆ بازانە، ئازانە!
موسوڵمان! لێرە مانی خان و مانت هەر نەمان دێنێ
پەشیمان بە کە دەرمانی نەمانت مایەی ئیمانە
بڵا بۆ کوندەبوو بێ، مفتی مشک و ماری کەندوو بێ
خەتیرەی گەنجی وێرانە، زەخیرەی کونجی کاشانە
بەقییەی عومری زایع گەر مورادت پێ تەدارەک بێ
حەیاتی مەککەت و مەوتی مەدینەت جەبری نوقسانە
چ مەککە؟ دار و بەردی قاعیدەی ئەرکانی ئیسلامە
چ تەیبە؟ ماء و خاکی مائیدەی ئەنواری ئیمانە
فیداکاری تەن و جان بە، لە ئاسانی هەراسان بە
کە داغ و دەردی ڕێگەی مەککە باغ و وەردی مەردانە
ئەگەرچی ڕێگە: خاکی خوێنە، دار و بەردی ئێسقانە،
نیشانەی تیری ڕێگەی عەشقە ئەم ئێسقانە سپیانە
وتم: داخۆ چییە سوور و سپی تێکەڵ؟ ! کە تێفکریم
سەراسەر کەللەیی ئوشتر، لەبالەب خوێنی ئینسانە
بەڵێ بەم ڕێگەدا جەممازە جانبازە کە ڕۆژ و شەو
دەکا سەیر و سولووکی دائیمەن سەرخۆش و مەستانە
قەتاری زەنگ و قۆڕی ئوشتر و ئێستر لەسەر کێوان
دەڵێی زیڕەی سەدای قاز و قوڵنگی ئەوجی کەیوانە
چ ڕێگێکی سپی واشە، ئەوەندەی کەهکەشان دوورە
چ سەحرایێکی شین ڕەنگە، بە قەد نۆ ئاسمان پانە
مەگەر ڕێی حاجیانە وا تیا سەییارە سەییارە!
مەجەڕڕە ئالەتی جەڕڕی جەریری سارەبانانە!
فەزا بەحری موحیت و وشتری تێدا سەفینەی بەڕ
سەرابی میسلی نیل و دیجلە و جەیحوون و عوممانە
لە سەد جێ کلکی ئوشتر گەییە ئەرزی مەهلەکە، هێشتا
یەمی فەججی عەمیقی ئاڵی هەر بێقەعر و پایانە
لەنێو ڕیگی ڕەوانی قوم نوقوم بوو وشتر و بوو گوم
نەما گوێی بیستنی قُمْ قُم، چ جای ئیمکانی هەستانە
تەنی حاجی لەسەر چوار چێوەیی ناجی دەڵێی نەعشە
لوعابی خۆر لەسەر ئیحرامی وەک کافووری ئەکفانە
مەڵێ: دەشتە، بڵێ: دنیا هەموو خانێکە ئەم حەوشە
چ حەوشێکە؟ کە ئافاقی حەسار، ئەفلاکی سەربانە
مەڵێ ڕێگەی کەشندە، یا کوشندە ئەژدەرە، یاخۆ
کەمەندە، یا تەنابی خێوەتی گەردوونی گەردانە
عویوونی گەرم و سوێراوی میسالی چاوی گریانە
ڕوعوونی شاخی سووتاوی شەبیهی جەرگی بوریانە
لە بن خاکی مەغاکی ئاتەشینی، لەعلی لەب توشنە
لەسەر ئابی سەرابی، سەروی سێرابی موغەیلانە
سماقی ئەحمەرە، یا قووتی ڕۆح و ئاگری نەفسە؟ !
حەساتی ئەبیەزە، یا شوهب و نەجمی ڕەجمی شەیتانە؟ !
بە زاهیر گەر مەگەسدارە، بە باتین سەد چەمەنزارە
بە سوورەت یەک بە یەک خارە، بە مەعنا سەد گولوستانە
نەیستان و خەسەکزاری سونووفی شەوکەیی خاری
گەلێ خۆشتر لە سەروستان و، دلکەشتر لە بوستانە
قەتاد و عەرفەج و خیتمیی و عەزات و عەوسەج' و ئەسلی
چ دامەن گیر و شین و دڵنشینی ڕێی غەریبانە!
شەفیری چاڵی شۆری هەر دەڵێی لەعلی نمەکپاشە
حەفیری چاهی وشکی هەر دەڵێی چاهی زەنەخدانە
لەباتی لالەیی حەمرا جگەر پوڕ داغی خورشیدە
لەباتی سونبولی تاتا سەر و سەودا پەرێشانە
موغەیلانی جل و مێزەر دڕێنی سۆفییە، یەعنی
ئەمە ڕێی موحریمانی مەحرەمی سەر ڕووت و عوریانە
شوتوربانا! ئەمە پەرژینی باغی ڕەوزەیە، یاخۆ
عەرار و عەرعەر و بانی خیابانی بیابانە؟ !
ئەسیری سیلسیلەی بەندی مەهاری سەرقەتارت بم
کە دەمکێشێتە ڕەوزەی حەی وەکوو مەجنوونی دێوانە
چ ڕەوزە؟ ڕەوزەیی جەننەت! چ جننەت؟ جەننەتی قوربەت!
چ قوربەت؟ قوربەتی ڕاحەت! چ ڕاحەت؟ ڕاحەتی جانە!
مەقام و زەمزەمەی حادی، لە شەوقی کەعبە و حوجرەی
مەقام و زەمزەمە، وا ئوشتری هێنایە جۆلانە
سەریری جونبوشی تەخت و مەحەففەی مەخمەڵی سەوزی
دەڵێی تەسبیحی مورغانە، لەسەر تەختی سولەیمانە
کەژاوە و دار و بار و تەختەیی لوختی لەسەر بوختی
دەناڵێنن لە شەوقی تەیبە وەک ئەستوونی حەننانە
چ نوورێکە لەنێو فانۆسی بەرگی کەعبەدا، زاهیر
دەکێشێ خەڵق و، باتین ئیمتیسالی ئەمری یەزدانە؟ !
چ جەزبە؟ جەزبەیی زەوئە لە قیندیلی حەرەمدا، وا
دەبێ ئینسان لە تەوفیدا بسووتێ میسلی پەروانە
چ نوورێکە لە حوجرەی ڕەوزەدا وا قائیمە قوببەی،
قەوامی عەرش و فەرش و قەلبی ئینس و قالەبی جانە!
چ حوجرە؟ حوجرەیی عولیا، کەوا نەعلینی خوددامی
دوڕی تاجی سەری قوتب و وەلیی و شاه و سوڵتانە!
چ حوجرە؟ وا لە خاکی میللەتی دەوڵەت پەناهیدا
کەمینە خادیمی سوڵتان و، شاهەنشاهی دەربانە!
چ قوببە؟ سیلسیلەی قیندیل و شەمعی باب و میحرابی
شوعاعی نووری دیدەی کەوکەبی ئەیوانی کەیوانە
مەکانی واسیتەی ئیمکان، مەکانەت بەخشی ئینس و جان
مەکینی لامەکان سەیران تێدا تەشریفی میوانە!
چ میوانێکە؟ ساحێب جێ و جاه و عیززەت و عەزمە
کە دوو عالەم توفەیلی دەعوەتی و، ئەو ساحیبی خوانە!
موحەممەد، ئەحمەدی مورسەل، مونیری مینبەر و مەحفەل
بەشیری ئاخیر و ئەووەل، نەزیری خوێش و بێگانە
سیراجی ئەنبیا، خەتمی ڕوسول، نووری موبینی حەق
کە عالی کەعب و قەدر و دەست و سەدر و خاتەمی شانە
لەسەر ئەو زوڵمەت ئابادی شەوی کوفرە کە تالیع بوو،
سەڵا هەستا لە ئینس و جان کە ڕۆژی نووری ئیمانە
لە نەفخی سوور و نەشری بەعسەتی دینی حەق ئیحیا بوو
لە قەبری جاهیلییەت هاتەدەر هەرچی موسوڵمانە
لە سایەی ئەمر و نەهیی، حەقق و باتیل بوو بە دوو فیرقە
بە میسلی فەرقی ڕۆژ و شەو کە فاریق نووری ئیمانە
سەعادەت بوو بە نوور و ساعیدی زەروەی هیدایەت بوو
عەلامەت نووری ئیمانی بیلال و وەیس و سەلمانە
شەقاوەت بوو بە دوود و داخیلی کوورەی زەلالەت بوو
ئەمارەت خوسری خوسرەو، کەسری کیسرا، شەققی ئەیوانە
لە جوملەی موعجیز ئەندەر موعجیزی: ئەحکامی قورئانە
کە میعراجی بوڵەندی ئەووەلی ئایاتی «سوبحان»ە
لە نووری موعجیزەی تیغی نەما قەت زوڵمەتی شوبهەت
کە ڕووناکی شەوی میعراجی، ڕۆژی بەدری بورهانە
شەوەمما، شەوچراغی جەدی و سەور و مەرتەعی شامی،
دوسەد قەرنی غەزالە و قۆچی سوبحی عیدی، قوربانە
لە خەوف و خەجڵەتی، بەدری شەهی ئەنجوم سوپەه ئێستەیش
کە هەڵدێ، زەردی و سووری لە تەلعەتیا نومایانە
شەوەمما، کەوکەبەی هەر کەوکەبی نیلی فەلەک دەتگوت
لە میسری ڕۆژی زینەت دەستی مووسای ئیبنی عیمرانە
شەوەمما، غیبتەیی نووری سووەیدایی دڵ و دیدە
شەوەمما، خۆر تیا گۆیا لە شەرمی نووری پەنهانە
شەوەمما، ڕۆژی ڕۆشن نەیگەیشتێ گەرچی ئێستاکەش
لەدووی شەو کەوتووە، دەڕوا بە سەر سەر، گەرمی سەیرانە
لە هیجری یووسفی میعراجی، یەعقووبی فەلەک، چاوی
نوجوومی بوو سپی، هێشتاکو هەر حەیران و سەهرانە
فەلەک پەردەی شەب ئەندەر ڕۆژی سەر فانۆسی ئافاقی
زەمین و ئاسمان، لەم بانە تا ئەو بانە تابانە
شەوەمما سوبحی بیداریی تالیع بوو کە جوبریلی
ئەمین بۆ خزمەتی تاها تیا مەئمووری فەرمانە
بە فەرموودەی خودا فەرمووی: بفەرموو! هەستە هەر ئێستە
لەجێی بەدری دوجا و دوڕڕی یەکتا، دوڕڕی یەکدانە
ئەمن مەهدی ئەتۆ هادی، شەوی تەجرید و تەقریبە
لەبەرکە خەلعەتی قورئان و ئەم تەشریفی ڕیزوانە
کە مەدعووی لازەمان و لامەکان و قوربی بێچوونی
سوار بە لەم بوراقە باریقە، لەم ڕەخشە ڕەخشانە
وەها هەستا بە باڵی جازیبەی قودرەت، لە نیوەی ڕێ
بەجێما ئەسپ و پەیک و ڕەفڕەف و ئەم چەرخی دەورانە
موشەڕڕەف بوو بە تەختی عەرش و تاجی قوربی عنداللّە
بە هەرچی دەرجی أوْ أدنی و ما أوحیی قورئانە
بە هەرچی چاوی دینی عیشقی تێدا شاهیدی سیدقە،
بە هەرچی دیدەیی عەقڵی تیا شەوکوێر و حەیرانە
موخەسسەس بوو، مورەخخەس بوو بە ئەسرارێ کە تەقریری
ئەجەلل و ئەعزەم و ئەعلا لە تەعبیری سوخەندانە
پەیاپەی هاتەوە سەر جێگەیی گەرمی لەگەڵ توحفەی
سەلات و هەم سەلام بێ لەو حەبیبی پاکی سوبحانە
لەگەڵ ئال و لەگەڵ سەحبی، خوسووسەن چار یاری دین
ئەبووبەکر و عومەر، عوسمان و حەیدەر شێری یەزدانە
بە قوربانی عولوومی ئەووەلین و ئاخیرینت بم
لەگەڵ ئەسراری قورئانت کەوا ئەلتافی ڕەحمانە
مورادم زیللەت و پاڕانەوەی حاڵە، نەوەک نەعتە
بە چەن بەیتێکی کوردانە، کە قورئانت سەناخوانە
ئەگەرچی کوردی دووری شارەزووری قەسوەتم، ئەمما
وەسیلەم تەیبە و حیلمی شەفیع و فەزلی مەننانە
بە سەر هاتوومە ئەو خاکەی کە هەر مسقاڵە زەڕڕێکی
بە میزانی شەفاعەت کێوی حیلم و بەحری غوفرانە
نەبوو ڕووم بێمە خاکی چاکی پاکی تەیبە، تا بیستم:
بە سەگ نابێ مولەووەس ئاوی زەرقا، بەحری ئیحسانە
چ زەرقا؟ بۆ سیاهی دەفتەری هەر ناسییە ماحی
چ تەیبە؟ بۆ تەبایی دەردی هەر دەرماندە دەرمانە
دەری ڕەحمەت کەوا بەحری موحیتی عاسییە نالی
تیا جان و تەن ئوفتادەی شەپۆلی سەیلی عیسیانە

پەراوێز edit