ئاڵەکۆک

نالی add_a_photo
نالی دیوانی نالی
٣٢. لەکن ئەو جەوهەرە فەردە لە هەیوولا نییە باس
لەکن ئەو جەوهەرە فەردە لە هەیوولا نییە باس
لە حیکەم پەروەرییی بووعەلی سینا نییە باس
سۆفییان هاتنە مەجلیس وەرەقی دیدە بشۆن
لەکن ئەو دێمییە وشکانە لە دەریا نییە باس
بەزمی ڕەندانە ئەمە، مەلعەبەیی وەعز نییە
لە بەد و نیکی و قەللابیی دونیا نییە باس
ئەمە جێی ڕەمز و ئیشاراتی دەروونە، لە گەرووی
تەنگی پڕ غەرغەرەیی واعیزی غەڕڕا نییە باس
بە سەراوێزەیی چاوێنەیی کەللەی سەریان
لە 'کەی' و 'قەیسەر' و 'ئەسکەندەر' و 'دارا' نییە باس
جێی زوبان گرتن و دڵ ڕۆشنی و سووتانە
موقتەدا شەمعە کە خامۆش نییە ئەمما نییە باس
حەزرەتی هەیبەتە، نەک غەیبەت و ڕەیبەت نالی
ئەڵڵا ئەڵڵا، چ حوزوورێکە کە ئەسلەن نییە باس!

پەراوێز edit