عومری بێحاسڵی من چوو بە عەبەس
ئەمەکم هەرچی هەبوو چوو بە عەبەس
میهری بێمیهری ڕوخت گیراوە
لە منی سایە سیفەت چوو بە عەبەس
قەسدی یاریتە لەکن بەزمی ڕەقیب
یاری من! خۆت مەکە بەدخوو بە عەبەس
خانەیی دڵ کە خەرابە، چ بڵێم
بە خەیاڵت کە: بفەرموو، بە عەبەس!
نالی ئەو غونچە دەمە بێزارە
مەکە ماچی دەمی، ئەرجوو، بە عەبەس